رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووەمی کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبوزەبی بەبەشداریی دەیان میدیای خاوەن زمانی جیاجیا کە لە شەش کیشوەرەوە هاتوون، بەڕێوەچوو.
تۆڕی میدیایی رووداو تاکە میدیای کوردییە لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکە. ئەوە یەکەمجارە ئەو کۆنگرەیە بەڕێوەدەچێت. بەرپرسانی ئیمارات دەیانەوێت لە رێگەی بەیەکگەیاندنی دامەزراوە پێشەنگەکانی میدیای سەرانسەری جیهان، میدیا بکەنە کەرتێکی گرنگی ئابووریی وڵاتە دەوڵەمەندەکەیان.
عەبدولڕەحمان شەممەری، سەرنووسەری رۆژنامەی وەتەنی ئیماراتی دەڵێت، "ئەمە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئیمارات و بە رووداوی یەکەمی لەم جۆرە دادەنرێت. هەروەها دەرفەتێکی گرنگە بۆ دامەزراوە میدیاییەکانی جیهان بۆ ئەوەی ئاشنای ژێرخانی میدیایی دیجیتاڵیی پێگەیشتوو و ژینگەی بێوێنەی وەبەرهێنان لە بواری میدیا لە ئیمارات بن و سوودیان لێ ببینن."
لە رۆژی دووەمی کۆنگرەکەدا باس لەم بابەتانە کران:
- رۆڵی میدیا لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە نێو کۆمەڵگەکاندا
- چۆنێتیی سوودبینین لە مێتاڤێرس بۆ مەبەستی میدیایی
- رۆڵی میدیا و پەیمانگەکانی لێکۆڵینەوە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا
- رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کەرتی میدیادا
- گۆڕانی میدیا بەهۆی خزمەتگوزاریی کورتەڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە پانێڵ و دانوستاندنەکانی کۆنگرەکەدا باس لە چۆنێتیی سوودبینین لە نوێترین تەکنەلۆژییەکان کرا بۆ ئەوەی میدیا لە سەردەمی دیجیتاڵی و خێرایی گواستنەوەی زانیارییەکاندا دوانەکەوێت.
هەروەها تیشک خرایە سەر رۆڵی گەنجان لە بەسەردەمیکردنی میدیا لە سەردەمێکدا کە چینی گەنجان زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دیجیتاڵ میدیا بە بەراورد لەگەڵ میدیای کۆنباو بەکاردێنن.
کۆنگرەکە بە درووشمی "دیاریکردنی ئایندەی پیشەسازیی میدیا"، لە رۆژی سێشەممە دەستیپێکرد و تاوەکو هەینی بەردەوام دەبێت.
1200 کەسایەتیی پێشەنگی بواری میدیا و تەکنەلۆژیای زانیاری لە سەرانسەری جیهانەوە چوون بۆ ئەوەی ئامادەی 30 پانێڵ و وۆرکشۆپ بن کە 162 کەسایەتیی دیاری جیهان قسەیان تێدا دەکەن.
ئامانج لە کۆنگرەی جیهانیی ئەمساڵی میدیا وردبوونەوەیە لە ئایندەی میدیا و چۆنێتیی سوودبینین لە بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیاکانی پەیوەندی و ژیریی دەستکرد.
رۆڵی میدیا لە پەرەپێدانی پێکەوەژیان
شێخ نەهیان بن موبارەک ئال نەهیان، وەزیری لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئیمارات رایگەیاند، بە سەرکردایەتیی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئیمارات سەرکردایەتی هەوڵە جیهانییەکان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی بەهاکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان.
شێخ نەهیان لە گوتارەکەیدا لە دووەم رۆژی کۆنگرەی میدیایی جیهانی کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانیی لێبووردەیی، سوپاسی سەرۆکی وڵاتەکەی کرد لە بەرامبەر پشتگیریکردنی دەزگاکانی راگەیاندن لە ئەنجامدانی رۆڵی خۆیان لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خەڵک و دەوڵەمەندکردنی زانیاری.
لە دووەم رۆژی چالاکییەکەدا هەریەک لە د. رەمەزان بن عەبدوڵڵا ئال نوعەئمی، وەزیری راگەیاندنی بەحرەین و ئەحمەد عەفیف، جێگری سەرۆکی سیشێل و محەممەد جەلال ئەلڕەیسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (WAM) ئامادە بوون.
شێخ نەهیان ئاماژەی بەوەش کرد، رۆڵی ئەو "پێشەنگانەی" ئیمارات لە بواری لێبووردەیی و پێکەوەژیان و گفتوگۆدا بە دامەزراندنی وەزارەتی لێبووردەیی و پێکەوەژیان جەختی لێ کرایەوە، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سەرجەم هاووڵاتییان و دانیشتووان و هەروەها سەرجەم دامودەزگاکانە، بە قوتابخانە و زانکۆ و دەزگاکانی راگەیاندنەوە.
هەروەها ئامانجی وەزارەتەکە ئەوەیە کە هەمووان بتوانن بەبێ جیاوازی بەشداریی کۆمەڵگە و هەموو جیهان بکەن، هەروەها بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئیماراتییە، وەزارەتەکەیان تیشکی خستووەتە سەر "رۆڵی چارەنووسساز لە بەرهەمهێنانی زانیاری لەسەر لێبووردەیی و پێکەوەژیان، پێشنیازکردنی رەشنووسی یاساکان، رێکخستنی ئەو بۆنەیانەی کە بەهاکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان بەرەوپێش دەبەن.
شێخ نەهەیان هەروەها باسی لەوە کرد، وەزارەتەکە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دروستکردنی هاوبەشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها هاوبەشێکی سەرەکییە لە زۆر لە رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، کە ئامانجیان رووبەڕووبوونەوەی رق و کینە و بەرەوپێشبردنی ئاشتیی جیهانییە.
شێخ نەهیان گوتیشی، بارودۆخی ئێستای ئیمارات تیشک دەخاتە سەر کراوەیی وڵاتەکەی بەڕووی جیهان و بەرەوپێشبردنی لێبووردەیی و پێکەوەژیاندا، جەخت لەسەر متمانە و پەرۆشیی خۆی دەکاتەوە بۆ پێشاندانی ناسنامەی نەتەوەیی و جیاکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی بۆ هەموو جیهان، هەروەها دەربڕینی باوەڕی خۆی کە هەموو مرۆڤەکان ئەندامانی یەک کۆمەڵگەی مرۆیین کە کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی. "ئەم باوەڕە بە واژۆکردنی بەڵگەنامەی برایەتی مرۆیی لە ئەبوزەبی لە ساڵی 2019 لەلایەن پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و دکتۆر ئەحمەد ئەلتەیب، ئیمامی گەورەی ئەزهەر سەلمێنرا."
ئەو بەرپرسە ئیماراتییە جەختی لەوە کردەوە کە ئەزموونەکانی ئیمارات دەری خستووە کە هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری لێبووردەیی و پێکەوەژیان نابێت تەنها لە گفتوگۆی تیۆریدا سنووردار بکرێن، بەڵکو پێویستە بەرنامەی پراکتیکی و پڕۆژەی سەرکردایەتیی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەخۆ بگرێت.
شێخ نەهیان ئاماژەی بەوەش کرد، دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و پێشخستنی بەهاکانی لێبووردەیی و برایەتی مرۆیی. گوتیشی: "لەکاتێکدا کە لە کۆنگرەی میدیایی جیهانیدا کۆبووینەتەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتیتان لەسەر شانە کە یارمەتی خوێنەران و گوێگران بدەن بۆ ئەوەی فێری کولتوورەکانی دیکە ببن و کراوە بن بەرامبەریان، هەروەها قاییلیان بکەن کە فرەچەشنی و فرەڕەنگی، سەرچاوەی هێزن بۆ کۆمەڵگا مرۆییەکان."
ئەو بەرپرسە ئیماراتییە ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەمیشە رۆڵی سەرەکی لێبوردەیی لە پێشخستنی دەزگاکانی راگەیاندن بناسن و نموونەیەک لە هەمەجۆریی، یەکپارچەیی و فێربوونی زیاتر پێشکێش بکەن.
لە کۆتایی گوتارەکەدا شێخ نەهیان سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بەشدارییان لە میوانداریکردن و رێکخستنی کۆنگرەی میدیایی جیهانیدا کردووە و هیوای کۆنفرانسێکی سەرکەوتووی بۆ خواستن.
هەروەها هیوای خۆی دەربڕی کە گفتوگۆکانی چالاکییەکە یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی دەزگاکانی راگەیاندن ببنە ئامرازێکی کاراتر بۆ بەیەکگەیاندنی خەڵک.
"وەرگر خێراتر لە پیشەسازیی میدیا دەجوڵێتەوە"
ئەدریان مۆنک، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەکە لە پایتەختی ئیمارات باسی لەوە کرد، کە پیشەسازیی میدیا بەدەست کێشەی دۆزینەوەی وەرگر دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە لە نێو کەرتی میدیادا پۆستە باڵاکان بدرێنە دەست خەڵکی گەنج.
مۆنک رۆژی چوارشەممە بە میدیای ئیماراتیی گوت: "وەرگری گەنج خێراتر لە بەتەمەنەکان و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری بواری میدیا دەجوڵێنەوە. پێموایە، تا رادەیەک پێویستمان بەوەیە خەڵکی گەنج زیاتر ئاوێتەی پۆستە باڵاکان بکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونەی خۆیان دەیانەوێت بهێننە نێو دامەزراوە میدیاییەکانەوە."
مۆنک کە ئەمڕۆ بەشداریی لە پانێڵێکدا لەبارەی کاریگەریی کورتەڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر میدیا کرد، بڕوای وایە، میدیا لە کێشەی نەبوونی کەسانی بەهرەداردایە و پێویستە حکومەتەکان لە رێگەی هاندانی چینی گەنجان بۆ هاتنە نێو کەرتەکە، چارەسەری بکەن.
ئەو دەڵێت: "بەشێکی زۆری پیشەسازییەکان پشت بە پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆژیا دەبەستن. جەنگی بەدەستهێنانی بەهرەی تەکنەلۆژیا زۆر راستەقینەیە و دەبینین خەڵک چ باجێک دەدات بۆ ئەوەی پسپۆڕانی هەرە دیاری تەکنەلۆژیا دابمەزرێنن. کورتهێنانێکی گەورە لە ژمارەی ئەو شارەزایانەدا هەیە، نەک تەنیا لە میدیادا، بەڵکو لە هەموو پیشەسازییەکاندا، لە داراییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئەندازیاری."
مۆنک هەروەها جەخت دەکاتەوە: "هەموو ئەم پیشەسازییانە پشت بە پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆژیا دەبەستن. بێگومان پێویستمان بە خەڵکی بەهرەدارە. بەڵام هێندەش ساویلکە نیم بڵێم بە پەنجە تەقاندنێک ئەو خەڵکەمان دەستدەکەوێت."
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ستایشی کۆنگرەی جیهانیی میدیای کرد لە بەرامبەر تاوتوێکردنی پرسی لەو جۆرە و پێداچوونەوەی ورد بە میدیا.
بەڕێوەبەرەکە گوتیشی: "ئەم کۆڕبەندە لەسەر ژمارەیەک پرس کاردەکات کە پەیوەندییان بە کار و تواناکانی ئایندەوە هەیە و ئەو حکومەتانەی کە پلانیان هەیە دەتوانن لە چارەسەرکردنی بەشێکیاندا هاوکار بن. کۆڕبەندەکانی لەم جۆرە دەتوانن یارمەتیدەر بن. پێموایە گرنگە پیشەسازییەکە پێکەوە کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئاڵنگارییەکان بکەن. ئەمە بە تایبەتی بۆ ناوچەکە گرنگە، کە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ