تەندروستیی لوبنان: بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی بێتەلەوە 37 کەس گیانیان لەدەستداوە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
ئامێری بێتەلی وۆکی تۆکی و پەیجەر. وێنە: AFP
ئامێری بێتەلی وۆکی تۆکی و پەیجەر. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری تەندروستیی لوبنان دوایین ئاماری تەقینەوەکانی 17 و 18ـی ئەم مانگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی بێتەلی لە وڵاتەکەی ئاشکراکرد کە تاوەکو کاژێر نزیکەی 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2,931 کەسیش برینداربوون، دەشڵێت تەندروستیی برینداربووانی تەقینەوەکەی چوارشەممە قورستر بوو.
 
فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستیی لوبنان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوول لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوایین ئاماری تەقینەوەکانی ئامێرەکانی بێتەل لە جۆری پەیجەر و وۆکی تۆکیی راگەیاند و ئاشکرای کرد، لە تەقینەوەکانی رۆژی یەکەم، 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها 2,323 برینداریش ئەو رۆژە گەیێندرانە نەخۆشخانەکان، 824یان پێویستیان بە چوونە نەخۆشخانەکان نەبووە و تەنیا لە فریاکەوتنەکان چارەسەرییان بۆ کراوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە. 1,343 برینداریش برینەکانیان مامناوەند و قورس بووە، هێشتا 226یان لە چاودێری چڕدان، 1,117 یان لە ژووری ئاسایین و پێویستیان بە چاودێری چڕ نییە، 955 نەشتەرگەریان بۆ کراوە، بەشێکیان پێویستیان بە نەشتەرگەریی دیکە هەیە.
 
وەزیری تەندروستی لوبنان ئامارەکانی رۆژی دووەمی تەقینەوەکانیشی راگەیاند، بە گوتەی ئەو لە رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئەیلوول بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانەوە کە بەگوتەی ئەو دۆخی بریندارەکان قورستربوون، 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 608 کەسیش برینداربوون، 61یان لە چاودێڕی چڕدان، 141 بریندار نەشتەرگەریان بۆ کراوە.
 
وەزیری تەندروستیی لوبنان پەسنی بەدەمەوەچوونی نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی و کەرتی تەندروستی کرد کە بە گوتەی ئەو لە ئاست بەرپرسیارێتییەکە بوون و گوتی ئەو گورزەی وەشێندرا گەورە بوو. گوتیشی :"لەماوەی نیو کاژێر نزیکەی 2700 بۆ 2800 بریندار گەیێندرانە نەخۆشخانەکان، رەنگە سیستەمی  تەندروستی وڵاتێکی دیکە رەنگە نەتوانێت بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی بریندار بگرێت.
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستیی لوبنان بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکان چوار کارمەندی تەندروستی کە ئامێرەکانیان بەکارهێناوە، گیانیانلەدەستداوە.
 
ژمارەی بریندارەکانیش بەپێی وەزیری تەندروستی 2,750 تاوەکو 2,800 بریندارن، کە نزیکەی 750 یان لەناوچەی باشوور و 150 کەسیان لە ناوچەیان بیقاع و نزیکەی 1,850 کەسیان لە ناوچەکانی بەیرووت و دەورووبەری بوون.
 
وەزیرە لوبناییەکە بەراوردی نێوان رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو و تەقینەوەی 4ـی ئابی 2020ـی بەندەری بەیرووتی کرد و گوتی دوو لەسەر سێی بریندارەکان پێویستیان بەوەبوو سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن کە ئەوە پێچەوانەی بریندارەکانی تەقینەوەی بەندەری بەیرووت بوو.
 
ژمارەی نەشتەرگەرییەکان لەو دوو رۆژەدا بەگوتەی ئەو وەزیرە نزیکەی 460 نەشتەرگەری بووە، زۆرینەی بریندارەکان لەلای دەموچاو و چاوەکانیانەوە برینداربوون، بەشێکیشیان لە دەست و پەنجەکان بوون.
 
98٪ـی بریندارەکان، بەپێی وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە لە لوبنان چارەسەر دەکرێن و کراون، بەشێکیان بۆ شوێنی دیکە گواستراونەتەوە بۆ سووریا و هەندێکیش بۆ ئێران دەنێردرێن. 
 
بریندارەکانیان بۆ  100 نەخۆشخانە گواسترانەوە، 1,184 ئەمبوڵانس 1,817 برینداریان گواستووەتەوە.
 
وەزیری تەندروستیی لوبنان باسی لە هاوکارییەکانی بەشێک لە وڵاتانیش کرد و گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکەی هاوکاریی پزیشکی و تەندروستیمان لەلایەن عێراقەوە پێگەیشتووە، 15 تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تیمێکی پزیشکی و تەندروستی بوون، جگە لەوە لە ئێرانیش هاوکارییان ناردووە."
 
رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە هەزاران ئامێری پەیوەندیکردن لە بەیروت و چەند شوێنیک تەقینەوە، هەرزوو حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتی کردەوەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و رەتیشی نەکردووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسماعیل هەنییە.

سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران: تۆڵەی کوشتنی هەنییە هەر دەکەینەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بۆنەی هەفتەی بیرهێنانەوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق کە لەو وڵاتە وەکوو هەفتەی بەرگریی پیرۆز دەناسرێت، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل.