حەسەن نەسروڵڵا لەبارەی تەقینەوەی بێتەلەکان: گورزێکی بەهێزمان بەرکەوت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا-ی لوبنان، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و بێتەلەکان، دانی بەوە دانا کە لە رووی ئەمنی و مرۆییەوە گورزێکی بەهێزیان بەرکەوتووە و دەشڵێت، ئیسرائیل بە نیاز بوو لە دوو خولەکدا پێنج هەزار کەس بکوژێت. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا-ی لوبنان لەبارەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی پەیجەر و بێتەلەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، گوتارێکی پێشکێشکرد، رایگەیاند چوار هەزار دانە ئامێری پەیوەندیکردنی پەیجەر-یان کڕیوە و بەشێکی زۆریان بەسەر ئەندامانیان دابەشکردووە، دوای رووداوەکان لێکۆڵینەوەیەکی فرەرەهەندی زۆر وردیان دەستپێکردووە. هەر لەو کۆمپانیایەی کڕیویانە تا دەگاتە ئەو کۆمپانیایەی وەریگرتووە و گواستوویەتیەوە و رادەستی کردوون. 
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا-ی لوبنان، بەبێ ئاماژەدان بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان رایگەیاند، ژمارەیان زۆرە و گوتی: "لەنێو شەهیدەکاندا تەنیا هەڵگرانی ئامێرەکە نین، بەڵکو ژن و منداڵیش شەهید بوون. چونکە بەشێکیان لەناو ماڵ، ئۆتۆمبێل، بازاڕ، دەرمانخانە، نەخۆشخانە، شوێنکار و شوێنە گشتییەکاندا تەقیووەتەوە و هاوەڵ و کەسانی دەوروبەریش بوونەتە قوربانی." 
 
حەسەن نەسروڵڵا لە گوتارەکەیدا دانی بە دوو بابەت دا نا، یەکەمیان ئاشکرایکرد کە چوار هەزار دانە ئامێری پەیجەر-یان کڕیوە و باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل زانیوویەتی چوار هەزار دانەیە بۆیە ویستی رۆژی سێشەممە لە یەک خولەکدا چوار هەزار کەس بکوژێت و گوتی: "ئیسرائیل پێی وابوو، هەر چوار هەزار ئامێرەکە بەسەر ئەندامانمان دابەشکراوە. بۆیە لە یەک کاتدا هەر چوار هەزار ئامێرەکەی تەقاندەوە. بەڵام بەشێک لە ئامێرەکان ئۆفلاین بوون و بەشێکیان لە کۆگاکاندا بوون و دابەش نەکرابوون و بەشێکی دیکەشیان، خاوەنەکانیان هەڵیاننەگرتبوو لە ماڵەوە یان لە شوێنێکی دیکەدا دایاننابوو." 
 
حەسەن نەسروڵڵا لە دانپێدانانی دووەمیدا رایگەیاند گورزێکی زۆر بەهێز و چاوەڕواننەکراویان بەرکەوت و گوتی: "گومان لەوەدانییە لە رووی ئەمنی و مرۆییەوە گورزێکی بەهێزمان بەرکەوت. لە مێژووی لوبناندا گورزێکی چاوەڕواننەکراو بوو کە رێژەی دوژمنکاری بگاتە ئەم ئاستە. تەنانەت لە ئاستی جەنگ و ناکۆکییەکان دژ بە ئیسرائیلیش لە ناوچەکە و جیهانیش بێهاوتا بووە. هیچ رووینەداوە کە بەمشێوەیە ئامێرەکانی پەیجەر و بێتەل بکرێنە ئامانج، بەبێ گوێدان بە ئەو کەسانەی لە دەوروبەری هەڵگرانی ئامێرەکاندان. بەڵێ گورزێکی گەورە و سەختمان بەرکەوت بەڵام ئەمە سروشتی جەنگە و دەزانین دووژمن لە ئاستی تەکنۆلۆژیا زۆر باڵایە، چونکە ئەوان بەتەنیا نین، ئەمریکا و ناتۆ و رۆژئاوا پاڵپشتیانن."   
 
حەسەن نەسروڵڵا لەبارەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی بێتەل لە رۆژی چوارشەممە، رۆژێک دوای تەقاندنەوەی پەیجەرەکان، گوتیشی: "هەزار ئامێری دیکەی بێتەل لە رۆژی چوارشەممە کرانە ئامانج. کەواتە دووژمن بەنیاز بوو لە دوو خولەکدا پێنج هەزار کەس بکوژێت. بەڵام میهرەبانی خوای گەورە رێگری کرد لەم کۆمەڵکوژییە." 
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا-ی لوبنان راشیگەیاند، ئەمە سرووشتی جەنگە رۆژێک سەردەکەون، رۆژێک سەردەکەوین و گوتیشی: "بەڵام ئەو گورزە بەهێزەی بەرمانکەوت، پشتی نەشکاندین و لەناوی نەبردین. کەواتە بەهێزی کردین و لەماوەیەکی زۆر کورتدا لەسەر پێیەکانمان دەوەستینەوە و خۆمان رێکدەخەینەوە." 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسماعیل هەنییە.

سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران: تۆڵەی کوشتنی هەنییە هەر دەکەینەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بۆنەی هەفتەی بیرهێنانەوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق کە لەو وڵاتە وەکوو هەفتەی بەرگریی پیرۆز دەناسرێت، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل.