جیهان
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئاوە سنوورییەکانی تونس لەکاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا. وێنە: Juhed Abidellaoui/Reuters
رووداو دیجیتاڵ
هەڵگرتنى ڤیزەى گەشتیاریى عێراق لەلایەن تونسەوە، ئەو وڵاتەى کردووەتە رێگەیەکى دیکە بۆ کۆچبەرانى هەرێمی کوردستان و عێراق. زیاتر لە 47 کۆچبەر، کە زۆرینەیان کوردن، لەو وڵاتە دەستگیر کراون و دادگایی دەکرێن، جگە لە بەزاندنى سنوور بۆ کۆچکردن، تۆمەتى قاچاخچێتى و سپیکردنەوەى پارەیان دراوەتە پاڵ.
ئەو کۆچبەرانە بە فڕۆکە 1979 میلیان لە عێراقەوە بڕیوە بۆئەوەى بگەنە تونس و لەوێشەوە بۆ ئیتاڵیا و وڵاتانی ئەورووپا.
10ى ئەیلوولی 2024 یەکەم دانیشتنى دادگەى تونس بۆ دادگاییکردنی 14 لەو کۆچبەرانە بەڕێوەچوو، باڵیۆزخانەى عێراق لە تونس چاودێریى دۆخیان دەکات، هەمان رۆژ 33 کۆچبەرى دیکە لەو وڵاتە دەستگیر کران، کە زۆرینەیان کوردن.
باهۆز بەرزان حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى پڕۆژەکان لە دەزگەی لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) گوتى، "کەسوکارى دوو لەو کۆچبەرە کوردانە پەیوەندییان پێوە کردووین، یەکێکیان گوتبووى 13 کەسین و ئەوى دیکەیان گوتبووى 9 کەسن و لە گرتووخانەن، لەو ژمارەیە 45%یان خەڵکى دەڤەرى راپەڕینن."
لە 15ى حوزەیرانى ئەم ساڵ، وەزارەتى دەرەوەى تونس بڕیاری دا ڤیزە لەسەر گەشتى هاووڵاتییانى عێراق بۆ وڵاتەکەى هەڵبگرێت، بەو مەرجەى گەشتیارەکە لە 15 رۆژ زیاتر نەمێنێتەوە. لە ماوەى 180 رۆژدا یەک جار بۆى هەیە ڤیزەى خۆڕایی وەربگرێت، پێشتر هۆتێلى گرتبێت و تکتى گەڕانەوەی فڕۆکەشی بڕیبێت.
بەڕێوەبەرى پڕۆژەکان لە دەزگەی لووتکە گوتى، "قاچاخچیى کورد بە هاوکاریى قاچاخچیی تونسی و ئەفریقی لەو وڵاتە کۆچبەرانى کورد دەپەڕێننەوە."
بەگوێرەى ئامارەکانى دەزگەی لووتکە کە تایبەتە بە چاودێریی دۆخى کۆچبەر و پەنابەرانى کورد، پار 10 هەزار و 500 کۆچبەر کە تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاتر بووە لە عێراقەوە کۆچیان کردووە، 65% بۆ 70%ى هاونیشتیمانى هەرێمى کوردستان بوون.
موسەننا ئەمین، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى: " ئەو 14 کۆچبەرەى لە تونس دادگەیی دەکرێن، زیاتر لە مانگێکە بەند کراون، دوو کەسى تونسییان لەگەڵدا دەستگیرکراوە کە مادەى هۆشبەریان پێبووە."
لیستى ئەو تۆمەتانە دەست رووداو کەوتووە کە دراونەتە پاڵ ئەو کۆچبەرانە، "پلاندانان بۆ دەربازکردنى کەسانێک لە سنوورى تونس، پەنادان و شاردنەوەى کەسانێک و رێگرى لە ئاشکرا بوونیان، سیپکردنەوەى پارە، بەکارهێنانى کەسانێک بۆ بازرگانی مادەى هۆشبەر."
موسەننا ئەمین گوتى، "ئەو کۆچبەرانە ئەگەر تێکتى فڕۆکەکەیان بەسەر نەچوبێت دەبێت بگەڕێنەوە، ئەگەریش بەسەرچووبێت، دەبێت تێکتى نوێ بکڕنەوە و دیپۆرتى عێراق دەکرێنەوە."
بەگوێرەى ئامارێکى کۆڕبەندى تونسی بۆ مافى ئابوورى و کۆمەڵایەتى کە رێکخراوێکى ناحکومییە، ساڵى رابردوو 1300 کۆچبەر لە کەناراوەکانى تونس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ