لە سێ مانگی رابردوودا لە ئەوروپا 45 هەزار کۆچبەر دەستگیرکراون

14-04-2023
هێمن عەبدوڵڵا
ژمارەیەک کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوەتەوە: AFP
ژمارەیەک کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوەتەوە: AFP
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژ بە رۆژ کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا سەختتر دەبێت، پۆلیسی ئەوروپی (فرۆنتێکس) دەڵێت، لە سێ مانگی رابردوودا 45 هەزار کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە. ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەپێ دەیانەوێ سنوورەکان ببڕن و بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە، دەستگیر دەکرێن. 
 
بەپێی ئامارەکانی فۆرنتێکس، کە پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپایە، تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا 54 هەزار کۆچبەر هەوڵیانداوە بە قاچاخ بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە. مانگی رابردوو 22 هەزار و 400 کەس لەسەر ئەو سنوورانە دەستگیرکراون. 
 
وەک فرۆنتێكس ئاشكرایکردووە، شەش هەزار کۆچبەر لە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان دەستگیرکراون. هەر لە سێ مانگی رابردوودا 7419 کۆچبەری نایاسایی لەکاتی پەڕینەوەیاندا لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا دەستگیرکراون. جگە لەوەش لە سنووری وڵاتانی باڵکان و بەتایبەتیش بۆسنیا  14 هەزار و 858 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون. 
 
وەک لە داتاکانی فرۆنتێکسدا دەردەکەوێت، زۆربەی ئەوانەی لە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان گیراون هاووڵاتیی سووریا و فەلەستین و ئەفغانستان بوونە. ئەوانەی لە وڵاتانی باڵکان گیراون زۆرتر هاووڵاتیی سووریا و تورکیا و ئەفغانستان و پاکستانن. ئەوانەی هەوڵی پەڕینەوەشیان داوە بۆ بەریتانیا زۆرتر ئەفغانستان و سووریا و هیندستان بوونە. 
 
هەڵبەت ئەمە ژمارەی ئەوانەیە کە گیراون و نازانرێ چەند کەسیش لەو رێگەیانە گەیشتوونەتە ئەو شوێنانەی مەبەستیان بووە. بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی سنوورەکانی ئەوروپا و پاسەوانی کەناراوەکان کە بە فرۆنتێکس ناسراوە، 170 هەزار پەناخواز بە تێکڕا لە 2022دا بە سێ رێگەی جیاوازدا گەیشتوونەتە ئەوروپا. ئەو ژمارەیە بەراورد بە 2021، 30% زیادیکردووە.
 
لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ سەرەتای ساڵی 2022، 22 هەزار و 606 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون و 620 هەزار و 771 کەسیش لە مردن رزگارکراون. میسر، تونس، بەنگلادیش، سووریا و جەزائیر پێنج لەو وڵاتانەن کە زۆرترین کۆچبەری نایاسایی لێیانەوە چووەتە ئەوروپا.
 
یەکێک لەو وڵاتانەی ئامانجی زۆربەی کۆچبەرانە بەریتانیایە، کە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک بۆی دەپەڕنەوە. بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە 2022دا 45 هەزار و 756 کۆچبەر پەڕیونەتەوە ئەو وڵاتە، ئەوەش بەراورد بە 2021، 60٪ زیادیکردووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە