رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جانێت نەشواتی بە رەچەڵەک ئوردنی بۆ سەرۆکی یەکەی تەندروستیی گشتیی ئەمریکا دیاریکرد. خوشکێکی جانێت لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا راوێژکار بوو.
جانێت پێشتر لە شاری نیویۆرک پزیشک و لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکیش پێشکێشکاری بەرنامەیەکی تەندروستی بووە.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بەناوی ترووس بڵاویکردەوە، "ئەو (جانێت) دڵنیایی دەدات کە ئەمریکییەکان چاودێریی تەندروستی باش و لە نرخدا گونجاویان دەستدەکەوێت"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خاتوونە "باوەڕی وایە دەبێت هاووڵاتییان گرنگی بە تەندروستییان بدەن بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروست و درێژتریان هەبێت".
لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا، خوشکێکی جانێت بەناوی جولیا نەشوات راوێژکاری ئاسایشی نێوخۆیی بوو. جولیا هاوژینی مایک وۆڵتز، بەربژێری ترەمپە بۆ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
سەرۆکی یەکەی تەندروستیی گشتیی ئەمریکا زیاتر بە "پزیشکی گەل" ناسراوە و سەرۆکایەتیی کاروباری هەزاران بەرپرسی تەندروستیی گشتیی ئەمریکا دەکات و زانیاری پێویستی تەندروستی بە گەلی ئەمریکا دەدات. ئێستا ڤیڤک مەسی، بەرپرسی یەکەکەیە و زۆرترین سەرنجی لەسەر کێشە دەرونییەکان بووە لە ئەمریکا.
سەبارەت بە ئەرکە نوێیەکەی، جانێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "بەبێ ماندوبوون کاردەکەم بۆ پاڵپشتیکردنی تەندروستیی (هاووڵاتییان)، زیادکردنی هیوا و خزمەتکردنی گەل."
جانێت رۆڵێکی کاریگەری لە چاودێریکردنی توشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا هەبوو. ساڵی 2022، بەربژێرەکەی ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، توانیویەتی چاودێری 20 هەزار توشبووی کۆرۆنا بکات.
جانێت نەشوات کێیە؟
- 25ـی ئابی 1980 لە ویلایەتی نیویۆرک لە دایک و باوکێکی ئوردنی لەدایکبووە
- ساڵی 1982 خێزانەکەی چووە ناوچەی لەیک لە ویلایەتی فلۆریدا
- لە تەمەنی منداڵیدا باوکی مردووە، چوار خوشک و برای هەیە
- ساڵی 2000 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی زیندەیی لە زانکۆی باشووری فلۆریدا بەدەستهێنا
- کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی ئەمریکی لە وڵاتی سەینت مارتن تەواوکردووە
- ساڵی 2009 پرۆگرامی تەندروستیی خێزانی لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئەرکەنساس تەواوکرد
- ساڵی 2012 بەهۆی کارە خێرخوازییەکانیەوە لەلایەن رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە خەڵاتکرا
- لە ساڵی 2020ـەوە پێشکێشکاری تەندروستییە لە کەناڵی فۆکس نیوز
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ