دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

23-11-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا.
 
رۆژی هەینی 23ی تشرینی دووەمی 2024 ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، هەریەکە لە دڵشاد شەمۆی تەمەن 41 ساڵ و عەلی خدری تەمەن 40 ساڵ، لە دادگە دانیان بەوەدا ناوە کە دوو ساڵ کاری قاچاخچێتییان کردووە.
 
هەردوو قاچاخچییەکە کوردن؛ دڵشاد شەمۆ خەڵکی باشووری کوردستانە و عەلی خدریش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. هەردووکیان هەڵگری وڵاتینامەی بەریتانیان.
 
هەردوو هاونیشتمانییەکە لە نیسانی 2023 دەستگیر کران و پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنیان دڵشاد بە عەلیی گوتووە، "پێیان بڵێ کە ئێمە کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەین."
 
بەگوێرەی ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانیا، هەردوو قاچاخچییەکە بۆ دوو ساڵ، هەفتانە 100 کەسیان گەیاندووەتە ئەورووپا. ئاژانسەکە دەشڵێت، هەردووکیان لە شوشتنگەیەکی ئۆتۆمبێل لە شارۆچکەی کایرفیڵی لە وەیڵز کاریان کردووە.
 
ئاژانسە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، عەلی و دڵشاد چەندین ئۆفەریان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە، ئەوانیش ئۆفەری برۆنز، سیلڤەر، زێڕ و پلاتین بوون.
 
ئۆفەری پلاتین گرانترینە و نرخەکەی لەنێوان 10 تاوەکو 25 هەزار یۆرۆ [12 تاوەکو 31 هەزار دۆلار] بووە و بەگوێرەی ئەو ئۆفەرە، کۆچبەرەکە لە رێگەی فڕۆکەخانە و بە پاسپۆرتی ساختە چووەتە وڵاتەکە.
 
ئەو کۆچبەرانەش کە ئۆفەری زێڕینیان هەڵبژاردووە، بە بەلەم چوون و نرخەکەش لەنێوان 8 تاوەکو 10 هەزار یۆرۆ [10 تاوەکو 12 هەزار دۆلار] بووە.
 
ئۆفەری برۆنز و سیلڤەریش نرخەکەیان لەنێوان 3 تاوەکو 5 هەزار یۆرۆ [3 تاوەکو 6 هەزار دۆلار] بووە و بەگوێرەی ئەو ئۆفەرە کۆچبەرەکان بە لۆری و بارهەڵگر براونەتە شوێنی مەبەست.
 
ئاژانسی نیشتیمانیی بەریتانیا گرتە ڤیدیۆیەکی یەکێک لەو قاچاخچییە کوردانەی بڵاوکردەوە و وا دەردەکەوێت کە دوای گەیشتنی کۆچبەرەکان بە شوێنی مەبەست گیراوە و تێیدا یەکێک لە قاچاخچییەکان پرسیار لە کۆچبەرەکان دەکات و بە زمانی عەرەبی پێیان دەڵێت، "گەشتەکەتان چۆن بوو، کوڕینە؟"
 
لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، هاونیشتیمانییەک لەنێو بارهەڵگرێکدا تۆماری کردووە و دەڵێت، "ئێستا بەرێکەوتن؛ بە شاحینە بەڕێکەوتین. ئەمەش ئیشەکەیەتی، براکەم."
 
ئاژانسی نیشتیمانیی تاوانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی دوو قاچاخچییەکە بە قاچاخ بردوویانن، خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق، رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون و بەرەو وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا بردوویانن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
 
تاوەکو ئێستا دادگەی سزاکەی هەردوو هاونیشتیمانییەکەی دیارینەکردووە و دەشڵێت، هێشتا رۆژی دیاریکردنی سزاکەشیان دیارینەکراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی سوێد و چەند کۆچبەرێک.

لە سوێد هەر کۆچبەرێک ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی 32 هەزار یۆرۆی پێدەدرێت

سەرۆکوەزیرانی سوێد، پلانی حکومەتەکەی راگەیاند، بۆ زیاترکردنی ئەو بڕە پارەیەی دەدرێتە کۆچبەران کە بە خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ئەمەش لەچوارچێوەی رێکارە نوێیەکانی وڵاتەکەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران.