رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، عێراق و پەیوەندییەکانی هەردوولا و پرسی سیاسی و بازرگانی و وزە سەردانی ئیتاڵیا و ڤاتیکانی کرد، لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆبووە و دواتریش لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە لەنێویاندا، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆکی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پاپا فرانسیس لە تویتێکدا دەڵێت: "پاپا فرانسیس جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و برایەتیی لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکی عێراقدا کردەوە، من جەختم لە پابەندبوونم بە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، عێراق و دەرەوەش کردەوە."
دوو دیاری کوردستانی بۆ پاپای ڤاتیکان
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 12-4-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانێکی فەرمی بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان دەستپێکرد و، رۆژی دواتر لە جانتاکەیدا ئەجێندای ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی تێدابوو، لە سەروویانەوە دیدار لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کە بەیەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان هەژماردەکرێت.
نێچیرڤان بارزانی بەسەر فەرشی سوور ئەو میوانەبوو کە پاپا لە چاوەڕوانیدا وەستابوو و تەوقە و پێشوازییەکی گەرمی لێکرد، دواتر نێچیرڤان بارزانی جگە لە باسکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و دۆخی کریستیان و پێکهاتەکان بەگشتی لە کوردستان، دوو دیاریی بە پاپا فرانسیس دا کە یەکەم پاپایە لە مێژوودا سەردانی هەولێر و هەرێمی کوردستانی کردبێت.
ئاداری ساڵی 2021، پاپا فڕانسیس، سەردانی هەولێر و عێراقی کرد و ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پێکهاتەکان بەگشتی و کریستیانەکان بەتایبەت.
دیاریی یەکەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاپا فرانسیس تابلۆیەک بوو کاری خەیری ئادەم، شێوەکاریی بەنێودەنگی دهۆکە، لە تابلۆکەدا حەوت کچ و کوڕ لە نەتەوە و ئایینی جیا هەڵپەڕکێ دەکەن و لە پشتەوەیان پەرستگەی پێکهاتەکان هەن.
دیاریی دیکەشیان فەرشێکی بەدەست چنراو و بە سیمی زێڕین و بەرد و یاقووت نەخشێنراو بوو، کە کاری شاناز جەمالە و چەند ئاماژەیەکی لەبارەی پیرۆزییەکانی کریستیانەکان تێدایە.
لەبارەی کۆبوونەوەی یەکەمی سەردانەکەی ئەمڕۆیەوە کە لەگەڵ پاپای ڤاتیکان بوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت: "پاپا فرانسیس جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و برایەتیی لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکی عێراقدا کردەوە. من جەختم لە پابەندبوونم بە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، عێراق و دەرەوەش کردەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی لەوە کردووە کە "شەرەفمەند" بووە بەوەی پاپای ڤاتیکانی بە "تەندروستیی باشەوە" بینیوە، ئەوە لە کاتێکدایە، کۆتایی مانگی رابردوو، بۆ ماوەی چەند رۆژێک، پاپا فرا‌نسیسی تەمەن 86 ساڵ، بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە گوێزرابووەوە بۆ نەخۆشخانە.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتاڵیا لەسەر بانگهێشتی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دێت کە زیاتر لە سێ مانگ لەمەوبەر سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردبوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بە "بايه‌خ و گرنگ" دەزانێت.
یەکێک لە دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بوو، دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا نووسی: "ئەمڕۆ لە رۆما بە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دڵخۆش بووم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بەڕێوەڕەسمی فەرمی پێشوازیی لێ‌کرا، باس لەوەش دەکات کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا "پابەندبوونمان بۆ زیاتر فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان دووپاتکردەوە." دەشڵێت، "سوپاسی سەرۆکوەزیرانم کرد بۆ پاڵپشتیی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە کاتی سەختەکاندا".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "له ديدارێكدا هه‌ردوولا گفتوگۆيان لەباره‌ى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاڵيا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و جه‌ختيان له فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، میلۆنى به‌رده‌واميى پشتگيريى ئيتاڵياى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكردووەتەوە و په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگيرييان، "به جێى بايه‌خ و گرنگيى ئيتاڵيا له قه‌ڵه‌م دا."
هاوکات، "دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و گفتوگۆ و هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ره‌وشى ناوچه‌كه" ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و جۆرجیا میلۆنی بوو."
ئیتاڵیا لە ساڵی 2015ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە 900 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکردووە. هاوکات مەشق و راهێنانی بە 58 هەزار پێشمەرگە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە، جگە لەوە، ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 430 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتیی دارایی و قەرز داوەتە عێراق.
ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر عێراق لەبارەی کۆبوونەوەی مێلۆنی و نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کراوە بۆ ئەوەی تاوتوێی شەڕی دژی داعش، نەوتی کوردستان و پێگەی کریستییانەکان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن".
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا لە تویتێکدا وێنەی گیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە و جۆرجیا مێلۆنی لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گفتوگۆکردن لەسەر هاوئاهەنگیی لە بواری ئەمنی و بەرگری بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ئاڵۆزەکان لە ناوچەکەدا بەشێک بوون لەو تەوەرانەی کە باسکران.
سەرۆکی پەرلەمانی ئیتاڵیا: ده‌بێ گه‌لى كوردستان شانازى به خۆيه‌وه بكات
یەکێکی دیکەیە لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لۆرێنزۆ فۆنتانا، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئيتاڵيا بوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جگە لە سوپاسکردنی ئیتاڵیا بۆ پشتگيرى و هاوكاريیە سه‌ربازى و سياسيیەکانی له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌ره‌پێدان و پته‌وكردنى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئەو وڵاتە دووپاتكرده‌وه.
نێچیرڤان بارزانی وێڕاى ده‌ربڕينى "سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستان" بۆ پشتگيرى و هاوكاريى سه‌ربازى و سياسيى ئيتاڵيا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، خواستى په‌ره‌پێدان و پته‌وكردنى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ ئيتاڵيا دووپاتكرده‌وه.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەرۆکی پەرلەمانی ئیتاڵیا "جه‌ختى له گرنگيدانى وڵاته‌كه‌ى به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، هه‌روه‌ها به پێزانينه‌وه باسى له رۆڵى پێشمه‌رگه له تێكشاندنى داعشدا و حه‌واندنه‌وه و پاراستنى ئاواره‌كان به‌تايبه‌تى ئاواره مه‌سيحييه‌كان كرد. له‌مباره‌يه‌وه گوتى: گه‌لى كوردستان ده‌بێ شانازى به خۆيه‌وه بكات."
نيوه‌ڕۆى پێنجشەممە، 13-04-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ ئينيازيۆ لاڕووسا، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئيتاڵيا، سوپاسى ئەو وڵاتەی كرد بۆ هاوكاری و پشتگيریى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌ى تيرۆردا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، لاى خۆيه‌وه سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئيتاڵيا سوپاس و پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و رۆڵى پێشمه‌رگه له تێكشكاندنى داعشدا ده‌ربڕیوە و گوتوویەتی، "ئێمه سوپاستان ده‌كه‌ين كه له جياتى جيهان له ريزى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕى دژى تيرۆردا بوون." هه‌روه‌ها ئینیازیۆ لاڕووسا په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به "گرنگ و جێى بايه‌خ له قه‌ڵه‌م دا."
لە رووی بازرگانیشەوە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئیتاڵیا، ساڵی رابردوو هەناردەی ئیتاڵیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سەرووی 765 ملیۆن یۆرۆ بووە کە بەشی هەرە زۆری ئامێر و تەکنەلۆجی جیاجیا بووە.
هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بۆ ئیتاڵیا سەرووی 5 ملیار و 71 ملیۆن یۆرۆ بووە، کە 99٪ی نەوت بووە کە بە گوێرەی میدیای ئیتاڵیا، 16 کۆمپانیای ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان: لە کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا تەنیا باسی کریستیانەکان نەکرا
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هاوگەشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان، لەبارەیسەردانەکەی بارزانییەوە بۆ ئەو وڵاتانە و دیدارەکانی بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" پاپا فرانسیس ماوەیەکی کەمە تەندروستی باشبووەتەوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی لە باشبوونی تەندروستیی پاپای ڤاتیکان دەربڕی و سوپاسی کردن کە لەو کاتەدا پێشوازی لێکراوە.
هەروەها گوتی هاوشێوەی پاپای ڤاتیکان، نێچیرڤان بارزانیش جەختی لە پاراستنی ژینگەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتیشی، ''ئەو برایەتی، ئاشتی و پێکەوەژیانەی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە، لە ئەولەوییەتی کاری ئێمەدایە و بەخۆشییەوە ئەوە رۆژبەڕۆژ بەرەوپێشچوونی هەیە.''
دڵشاد شەهاب گوتیشی، ئەوە یەکەم دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییەکانی ڤاتیکان و ئیتاڵیا نییە و پێشینەیەک لە مێژووی ئەم پەیوەندییانەدا هەیە و پێگەی هەرێمی کوردستان جێگەی تێڕوانینیان بووە.
هاوکات، مەتران مار بەشار، سەرۆکی ئوسقوفەکانی ئەبرشییەی کلدانی لە هەولێر، کە رۆژی پێنجشەممە میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو باسی لەوەکرد کە هەرێمی کوردستان بووەتە نموونەیەکی باش بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەکان لە ناوچەکە و ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانیی بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان بە گرنگ ناوبرد و رایگەیاند "ڤاتیکان بە ئاسوودەییەوە، بە گرنگییەوە تەماشای ئەو میوانداری و پشتیوانییەی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەت مەسروور بارزانی بۆ پرسی کریستیانەکان دەکات، بۆیە دووبارەبوونەوەی ئەو سەردانانە ئاماژە و پەیامن بۆ هەمووان لەوەی ڤاتیکان زۆر بە بەبایەخەوە گرنگی بەو ئامادەگی و بەردەوام بوونە دەدات."
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: ئاستی کۆنسوڵخانەکەمان لە هەولێر بۆ کۆنسوڵخانەی گشتی بەرزدەکەینەوە
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی دا لەگەڵ بەرپرسانی ئیتاڵیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-04-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆما لەگەڵ ئه‌نتۆنيۆ تايانى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاڵيا كۆبووه‌وه.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاڵيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان کردووە و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاندووە کە ئاستی نوێنه‌رایه‌تییان له هه‌رێمی کورستان له کۆنسوڵخانه‌وه بۆ کۆنسوڵخانه‌ی گشتی به‌رز ده‌که‌نه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕينى خواستى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئيتاڵيا، دووپاتیكرده‌وه كه عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌بايه‌خێكى زۆره‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ ئەو وڵاتە ده‌ڕوانن و خوازيار و ئاماده‌ى فراوانكردنى زياترى هاريكاريى هاوبه‌شن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا "خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه" و رایگەیاندووە کە ئاستی نوێنه‌رایه‌تییان له هه‌رێمی کورستان له کۆنسوڵخانه‌وه بۆ کۆنسوڵخانه‌ی گشتی به‌رزده‌که‌نه‌وه و، په‌یوه‌ندییه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان "به تایبه‌ت" له قه‌ڵه‌م دا.
هاوکات هەر رۆژی پێنجشەممە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە و چەندین تەوەریان باسکرد.
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان له باشتركردنى سه‌قامگيريى ناوچه‌كه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر دەکات.
لە دوایین دیدار و کۆبوونەوەکانی دا لە ئیتاڵیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-04-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆما لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى سه‌ربازيى ئيتاڵيا بۆ پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژى داعشدا ده‌ربڕى و خواستى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش له بوارى ئه‌منى و سه‌ربازيدا له‌گه‌ڵ ئەو وڵاتە نیشان دا.
وەکو لە راگەیێندراوەکەیشدا هاتووە، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا ستايش و پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ رۆڵى هه‌رێمى كوردستان له باشتركردنى سه‌قامگيريى ئه‌منیى عێراق و ناوچه‌كه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كرد و، "سوپاسى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئيتاڵيا له هه‌رێمى كوردستان."
نێچیرڤان بارزانی و گویدۆ کرۆسێتۆ "خواستيان بۆ به‌رده‌واميى هاريكاريى ئه‌منى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر ده‌ربڕى و هاوڕا بوون كه دۆخى ئابوورى و سه‌قامگيريى ئه‌منى پێكه‌وه گرێدراون، بۆيه گرنگه ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌و بكرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ