ترەمپ هەڕەشە دەکات: ببمەوە سەرۆک زوکەربێرگ بەنددەکەم

12-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک، ئەوا مارک زوکەربێرگی خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام، دەخاتە زیندانەوە. 
 
ترەمپ ناکۆکیی کۆنی لەگەڵ زوکەربێرگ هەیە و تۆمەتباری دەکات بەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020، لە دژی ئەو کاری کردووە. 
 
ترەمپ لە پۆستێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بە سەرۆک هەڵببژێردرێتەوە، ئەوا "ساختەکارانی هەڵبژاردن" دەخاتە بەندینخانەوە. ناوی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتاشی لە پۆستەکەیدا نووسیوە. 
 
ترەمپ نووسیویەتی: "هیچ شەرمێکیان نییە! تاکە شت بتوانم بیڵێم ئەوەیە، ئەگەر بە سەرۆک هەڵبژێردرام، بە ئاستێکی بێوێنە بەدواداچوون بۆ ساختەکارانی هەڵبژاردن دەکەین و بۆ ماوەیەکی درێژ دەنێردرێنە زیندانەوە. ئێمە لە ئێستاوە دەزانین ئێوە کێن. مەکەن! زوکەربێرگینە، ئاگادار بن!"
 
شوباتی پار، ترەمپ لە پۆستێکدا گوتی، دامەزرێنەری فەیسبووک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ـدا فێڵیکردووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی کەناڵی فۆکس نیوز کە باسی لەوە کردبوو گوایە دۆسیەیەک لەسەر بەخشینی دوو ملیۆن دۆلار لەلایەن زوکەربێرگەوە بە دەستەی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی جۆرجیا، کراوەتەوە.
 
ترەمپ ئەوکات نووسیبووی: "بۆچی لێکۆڵینەوە لەمە ناکرێت. دیموکراتەکان تەنیا دەزانن چۆن فێڵبکەن. ئەمریکا چیدیکە ئەمە قبووڵ ناکات."
 
ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکان، رۆژ دوای رۆژ بەهێزتردەبێت. راپرسییەکان پێشانی دەدەن کە ترەمپ لە پێش جۆ بایدنەوەیە. 
 
ناکۆکیی نێوان ترەمپ و زوکەربێرگ 
 
ناکۆکیی نێوان ئەو دووە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ. 
 
ئایاری 2020، ترەمپ لە فەیسبووک پۆستێکی لەسەر خۆپێشاندانی رەشپێستەکان کردبوو کە هەڵیاندەکوتایە سەر فرۆشگەکان و تاڵانیان دەکردن. ترەمپ نووسیبووی: "کە تاڵانکردن دەستیپێکرد، تەقەکردن دەستپێدەکات."
 
لەسەر ئەوە، رەخنەیەکی زۆر لە فەیسبووک گیرا بەوەی کە نەدەبوو رێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەو پۆستە بدات. 
 
مارک زوکەربێرگ ئەو کات گوتی: "بە گوتاری گێرەشێوێن و تێکدەرانەی سەرۆک ترەمپ تاساوم و زۆر قێزم لێی دەبێتەوە."
 
دواجار فەیسبووک هەژماری ترەمپی راگرت، دوای ئەوەی کە لایەنگرەکانی لە 06/01/2021 هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس. 
 
ئەو کات لە راگەیێندراوێکدا، زوکەربێرگ گوتی، کۆمپانیاکەیان بڕوای وایە "مەترسیی رێگەدان بە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانمان لەم کاتەدا زۆر گەورەن."
 
مێتا لە سەرەتای ساڵی 2023 رایگەیاند، قەدەخەی سەر ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە. 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادنەکرێن، حەماس 'بە دۆزەخ باجەکەی دەدات'

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەڕەشەی تووند لە حەماسی فەلەستینی دەکات و داوای لێدەکات، پێش رۆژی سوێندخواردنی کە دەکاتە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات ئەگەرنا، "بە دۆزەخ باجەکەی دەدەن."