رووداو دیجیتاڵ
تادێت کەلێنی ناکۆکییەکان لەنێوان جۆ بایدن و بنیامین نەتەنیاهوو فراوانتر دەبێت. لە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیای ئەمریکی، بایدن بە ئاشکرا بە نەتەنیاهوو دەڵێت، کوشتنی زیاتر لە 30 هەزار کەس و هێرشی سەر رەفەح "بەزاندنی هێڵی سوورە."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "هێڵی سوور هەن... کە ناکرێت 30 هەزار فەڵەستینی بکوژی لە ئەنجامی راوەدوونان، رێگەی دیکە هەن، بۆ چارەسەرکردنی ترامای حەماس."
هەرچەندە ئەگەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێڵی سووریشی بەزاند؛ بایدن دەڵێت، لە پڕچەککردنی ئیسرائیل بەردەوام دەبن، لەنێویاندا دابینکردنی ئایرن دۆم (گومبەزی ئاسنین).
بەڵام لەدوای تەواوبوونی گوتاری ساڵانەکەی، بایدن بیریچووبوو مایکەکان بە کراوەیی جێهێڵدراون، بە سیناتۆرێکی گوت، بەنیازە گفتوگۆیێکی "حەق و رەق" لەگەڵ نەتەنیاهوو بکات.
لە ماریلاند لەسەر ئەوە پرسیاریان لە بایدن کرد، "پلانت هەیە گفتوگۆیێکی (حەق و رەق) لەگەڵ نەتەنیاهوو بکەیت؟" لە وەڵامدا بایدن گوتی، "نەخێر." میدیاکاران لێیان پرسی، "پلانی بۆ دادەنێیت؟" بایدن گوتی، "با بزانین چی روودەدات."
بەڵام نەتەنیاهوو بەنیازە "هێڵە سوورەکەی" بایدن ببەزێنێت، چونکە لە دوایین هەڤپەیڤینی لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، لە سەرکەوتن نزیکبوونەتەوە و سێ چارەگی حەماسیان لەناوبردووە و لە دوایین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی رەفەحن. دەشڵێت، ئەمە لە ماوەی چەند هەفتەیەک روودەدات، نەک چەند مانگێک.
ئەمەش رێک پێچەوانەی راپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکانە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە، کە دەڵێت، حەماس لە توانایدایە بۆ چەندین ساڵی دیکە بەرەوڕووی ئیسرائیل بوەستێتەوە.
بایدن لەژێر گوشاری رۆژانەی خۆپێشاندەرانی ئەمریکی و سەرکردەکانی جیهانە بۆ ناچارکردنی نەتەنیاهوو بە ئاگربەست، ئەمەش لە کاتێکدا بایدن و ترەمپ بە ئەگەری زۆرەوە مانگی 11 لە هەڵبژاردنێکی هاوشێوەی 2020دا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
بەگوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی Data for Progress، نزیکەی 67%ی دەنگدەرانی ئەمریکی داوای ئاگربەستی غەززە دەکەن، تەنیا 22% لە دژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ