رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، 130 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2024، پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوەکرد، 53 جار لە عێراق و 77 جار لە سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان.
هەروەها باسی لەوە کرد کە لە 19ی تشرینی دووەمەوە، حووسییەکان 27 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور.
لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر، پات رایدەر گوتی: "روونە کە ئەوانە هێرشی مەترسیدارن و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی بێگوناهی عێراق هەیە." گوتیشی: "کاتێک کە ئەو گرووپانە ئەو هێرشانە ئەنجامدەدەن، رەفتاری نابەرپرسیارانەی خۆیان پێشاندەدات."
لە بارەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پات رایدەر گوتی: "ئێمە تەنیا بۆ یەک ئامانج لەوێین، کە ئەویش بەزاندنی داعشە. بۆیە بەردەوامدەبین لە داواکردن لەو هێزە بەوەکالەتانەی ئێران بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بوەستێنن، بەڵام وەک چۆن لە رابردوودا سەلماندوومانە، دوودڵ نابین لە گرتنەبەری رێکاری گونجاو بۆ پاراستنی هێزەکانمان، ئەگەر پێویست کرا."
ئەمریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و نزیکەی 900 سەربازی دیکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکراون کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاردەکەن.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، هێرشی سەر هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە زیادیکردووە. گرووپێک کە خۆی بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناودەبات، بەرپرسیارێتیی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی و برینداربوونی 69 سەربازی ئەمریکی بە سووکی.
لە تۆڵەی ئەوەشدا، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە لانیکەم 6 هێرش، 34 چەکداری لایەنگری ئێرانی لە عێراق و سووریا کوشتووە.
لە دوایین هێرشیدا لە 3ی کانوونی دووەم، سەرکردەیەکی دیاری حەشدی شەعبی لە بەغدا کوشت، کە ئەوەش وایکرد داواکاریی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان تۆختر بن.
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیدا کە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بێنێت کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات.
گوتەبێژی پێنتاگۆن رەتیکردەوە وردەکاری لەسەر هەبوونی هیچ گفتوگۆیێکی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات، بەڵام گوتی: "ئێمە لە نزیکەوە لە هاوئاهەنگیداین. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوتاکانیان لەنێو حکومەتی عێراقدا."
رایدەر جەختیکردەوە کە ئەوان عێراق بە "هاوبەشێکی گرنگ و بایەخدار" دەبینن و "بەردەوامدەبن لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵیان لەسەر ژمارەیەک بابەتی جۆراوجۆر، لەنێویاندا سەلامەتی و ئاساییشی هێزەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ