خانمە پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەڵمانیا هانی گەنجانی دیاسپۆرا دەدات ئاوێتەی کۆمەڵگە نوێیەکەیان بن

09-12-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
کۆنفرانسی 'دید و توانای گەنجان'.
کۆنفرانسی 'دید و توانای گەنجان'.
نیشانەکردن دیاسپۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرانی کۆمەڵێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی کوردستانی لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپاوە کۆبوونەتەوە. کۆنفرانسێکیان لەژێر ناوی 'دید و توانای گەنجان' لە ئەوروپا سازکردووە، بەڵام زۆربەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە لە تەمەنی گەنجییان لایانداوە. 
 
پانێڵی یەکەم گەنج بوون؛ دوو لەوانە کورد و یەکێکیان ئەڵمانی بوو. خانمە پەرلەمانتاری گەنجی پارتی کریستیان دیموکرات ئامۆژگاریی ئەو گەنجە کوردانە دەکات کە لە وڵاتانی ئەوروپی دەژین، خۆیان ئاوێتە بکەن و باوەش بۆ کۆمەڵگە نوێیەکەیان بکەنەوە. 
 
سەیران پاپۆ، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی شلێسڤیگ هۆلشتاین لە پارتی کرستیان دیموکرات دەڵێت، "دەبێت گەنجە کوردەکانمان کراوە بن. بۆ خوێندن، ئیش و کار و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگە کراوە بن. بۆیە گرنگە گەنجەکانمان لە دیاسپۆرا خۆیان ئاوێتەی کۆمەڵگە بکەن. پێویستە گەنجەکانمان بچنە نێو پارتەکان و خۆیان پێشبخەن و وەکو گەنجێک کە لێرەن، داوای مافەکانیان بکەن." 
 
نوێنەرێکی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان، ئەو دامەزراوەیەی کۆنفرانسەکەی سازکردووە، ئامانجی چالاکییەکەیان بە کۆکردنەوەی گەنجی بێئاڕاستە و پەرتەوازە رووندەکاتەوە.
 
جەهانگیر وریانی، ئەندامی دەستەی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان دەڵێت، "ئەمڕۆ، گەنجەکان لێرە پەرتەوازەن. تا ئێستا هیچ هاوئاهەنگییەک نەبووە. ئەمە یەکەم کۆنفرانس و کۆبوونەوەیە لەنێو چینی گەنجان و دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی بتوانین بۆ داهاتوو سوود لەم گەنجانە وەرگرین." 
 
رۆڵی زمانی کوردی و دیاسپۆرا، پانێڵێکی دیکەی کۆنفرانسەکە بوو. مامۆستایەکی زمانی کوردی و قوتابیی زمانناسی لە زانکۆی گۆتنگنی ئەڵمانیا دەیەوێت خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا تێزی خوێندنی باڵایان بە مژاری پەیوەست بە کوردەوە بنووسن. 
 
محەممەد کەلەش، مامۆستای زمانی کوردی دەڵێت، "سەرنجم خستە سەر ئەوەی کە چەند گرنگە گەنجان، کوڕ و کچانی کورد لە ئەوروپا سێمینارەکانیان، کارەکانی ماستەر و دکتۆرایان لەبارەی کورد ئامادە بکەن، ئەوەش دەکرێت لە بوارەکانی ئەندازیاری، مافناسی یان هەر بوارێکی دیکە بێت، با هەموو مژارەکان بە پرسە کوردییەکان و پێشخستنی کۆمەڵگەی کوریییەوە پەیوەست بن. ئەگەر لە زانکۆکان ئەم کارە بکرێت، کوردانی دیاسپۆرا و دەرەوەش دەتوانن سوودیان لێوەرگرن." 
 
کۆنفڕانسەکە تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت؛ پانێڵی پەیوەست بە مێژوو، هونەر، سەردەمی بەبازاڕکردن و دیجیتاڵی لەگەڵ گەنجان پێشکێش دەکرێن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.