رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزە وێرانکەرە 6.3 پلەییەکەی رۆژی شەممەی پارێزگای هیراتی ئەفغانستا، وێرانەیەکی گەورەی لەدوای خۆیدا بەجێهێشت و حکومەت دەڵێت، زیاتر لە 2 هەزار کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی نەبوونی ئامێری گەورە، خەڵک ناچارن بە خاکەناس خۆڵ هەڵبدەنەوە و لەژێر داروپەردوودا بەدوای کەسوکارەکانیان دا بگەڕێن. نێک محەممەد، هاووڵاتیی ئەفغانستانی دەڵێت، "هاتینە ماڵەوە و بینیمان هیچ شتێک نەماوە. هەموو شتێک بووەتە خۆڵ و تەپوتۆز. بە خاکەناس و هەرچییەکمان دەستکەوت، هەوڵماندا ژن و منداڵان لە ژێر داروپەردووەکە دەربێنین. تاوەکو ئێستا 20 کەسمان مردوون."
حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، لانیکەم 2 هەزار و 53 کەس لە 13 گوند بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 240ی دیکە بریندارن و هەزار و 320 خانوو بە تەواوی رووخاون.
چەقی بوومەلەرزەکە ناوچەیەکی دوورەدەست بوو کە 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی هیراتەوە دوورە، بەڵام زیانەکەی گەورە بوو.
حەمید ئازاد، کارمەندی نەخۆشخانە گوتی، "تێبینیم کرد کە ژوورەکە دەلەرزێت، رامکردە دەرەوە، پێش ئەوەی نەعلەکانم لە پێ بکەم، کەوتم و هەردوو قاچم برینداربوون و شاشەی مۆبایلەکەشم شکا. زۆر تۆقێنەر بوو."
ئەم بوومەلەرزەیە خەمێکی دیکەی خستە سەر خەمەکانی خەڵکی هیرات، پارێزگایەکە 1.9 ملیۆن کەس لێی دەژین و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە دەست وشکەساڵییەوە ناڵاندوویەتی، کە ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی ژیان لە ژمارەیەکی زۆری ئەو کۆمەڵگەیانەی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.
هەروەها لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2021ـەوە، وڵاتانی بیانی یارمەتییەکانیان بۆ ئەفغانستان وەستاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ