"ترەمپ زانیاریی لە بارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد شاردووەتەوە"

09-09-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن قاسم سولەیمانی دۆناڵد ترەمپ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی ترەمپ ئاشکرایدەکات، کە ترەمپ نەیهێشتووە راپۆرتی پزیشکیی برینداربوونی سەربازانی ئەمریکی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق، بڵاوببێتەوە.
 
ئەلیسا فەراح، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، "ترەمپ لە گرنگی و بایەخی ئەو راپۆرتە پزیشکیانەی کەمکردووەتەوە، کە دەڵێن سەربازانی ئەمریکی دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران زەبر بەر مێشکیان کەوتووە."
 
ئەو گوتەبێژەی پێشووی پێنتاگۆن دەڵێت ترەمپ یەکەمجار گوتی کەسمان بریندارنەبووە، دوایی قسەی خۆی گۆڕی، گوتی سەربازانمان "تووشی سەرئێشەیەکی سووک" بوون و  "زۆر جیددی نییە."
 
ئەو ئەمریکیانەی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران برینداربوون، 80٪یان راستەوخۆ گەڕانەوە سەر کارەکانیان و کێشەیان نەما، بەڵام ئەمریکا ژمارەیەک لەو سەربازانەی بۆ چارەسەری پزیشکی ناردە ئەڵمانیا و لەوێشەوە بۆ ئەمریکا.
 
ئەلیسا چیرۆکی ئەوکاتە دەگێڕێتەوە کە ئێران هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، کە هێزەکانی ئەمریکای لێن و دەڵێت: "سەختترین چەند کاژێری ژیانم بوو."
 
ئەو خاتوونە دەڵێت بەلامانەوە سەیربوو کە "زانیاریی راستمان لەسەر هێرشەکان دایە سەرۆک، کەچی ئەو گوتی هیچ کەسێک بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار نەبووە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە دەڵێت بۆچی ترەمپ زانیاریی لەسەر برینداربوونی سەربازەکانی بەهۆی هێرشەکەی ئێران شاردووەتەوە، فەراح دەڵێت: "پێموایە قسەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە کۆشکی سپی دەیویست بڵێت هێرشەکانی ئێران لە زیانگەیاندن  و پێکانی ئامانجەکانیان سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام دوایی دەرکەوت سەربازان بە سەختی برینداربووبوون".
 
بەگوتەی ئەلیسا فەراح، پێنتاگۆن بە بەرپرسیاریێتی خۆی زانیوە زانیارییەکان لەسەر ئەو هێرشانەی ئێران و زەرەر و زیانەکانی بڵاوبکاتەوە، بۆیە بە درێژایی مانگی کانوونی دووەمی 2020 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەردەوام زانیاریی نوێی لەسەر ئەو سەربازانە بڵاوکردووەتەوە، کە دووچاری تراوما بوون، فەراح دەڵێت کۆشکی سپی بەو زانیارییانە قەڵس دەبوو.
 
فەراح هەندێ لێدوانی بەرپرسانی کۆشکی سپی دەهێنێتەوە کە داوایان لێکراوە و پێیانگوتراوە" دەتوانن بەشێوازێکی دیکە بینووسن؟ دەتوانن 10 رۆژ جارێک یاخود دوو هەفتە جارێک قسە لەسەر ئەمە بکەن؟ دەتوانن لەکۆتایی ئاشکرابوونی راستییەکان شتێک بڵاوکەنەوە؟
 
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەلیسا فەراح دەڵێت بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبووە بچێتە ژێر باری ئەو گوشارانە، دەڵێت ئەگەر لە ژیانی خۆیدا شتێک فێربووبێت ئەوەیە کە "شەفافیەت هەمیشە باشترین هاوڕێیە."
 
لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسداران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەردەم فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج و کوژران، دوای 5 رۆژ و لە تۆڵەی ئەو هێرشە، ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەدا کە بەر لە هێرشەکە کەناڵەکانی پەیوەندیی لەنێوان واشنتن و تاران هەبوون و هۆشداری لەلایەن ئێرانەوە نێردراوە، کە بەنیازن هێرش بکەن.
 
لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکان زەرەری ماددی بەر بنکە ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار کەوت، دواییش راپۆرت بڵاوبوونەوە، کە چەند سەربازێکی ئەمریکی  زەبر بەر مێشکیان کەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. وێنە: Kevin Dietsch / AFP

ترەمپ بۆ جووەکان: کامالا هەڵبژاردن بباتەوە، ئیسرائیل لە دوو ساڵی داهاتوودا نامێنێت

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا براوە نەبێت، ئیسرائیل لە دوو ساڵی داهاتوودا نامێنێت