کابینەی نوێی حکومەتی ئەڵمانیا رادەگەیێنرێت و نیوەی وەزیرەکانی ژن دەبن

07-12-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی چوارشەممە، لە پەرلەمانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، راوێژکاری نوێ هەڵدەبژێردرێت و سوێندخواردنی دەستووریی کابینەکەی بەڕێودەچێت. هەرچەندە ئەنگێلا مێرکل پۆستی راوێژکار بۆ پیاوێک بەجێدێڵێت، بەڵام حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا لە هەموو کابینەکانی پێشوو ژنی زیاتری تێدا دەبن. بە دیاریکراوی، نیوەی وەزیرەکانی کابینەکە ژن دەبن. 
 
ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا، بەڵێنی خۆی بۆ یەکسانکردنی ژمارەی ژنان و پیاوان لە نێو حکومەتەکەیدا بردەسەر. هەر بەوەش نەوەستا، بەڵکو پێگە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی رادەستی ژنان کردن.
بۆیەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا، وەزیرانی دەرەوە و نێوخۆی ئەڵمانیا ژن دەبن. هەروەها بۆ سێیەمجار لەسەر یەک، وەزیری بەرگرییەکەی ژن دەبێت. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، رۆژی دووشەممە گوتی: "لە نێو ئەم حکومەتەدا، ئاساییش دەکەوێتە دەستی ژنانی بەهێزەوە."
ئەو سەرکردە سۆشیاڵ دیموکراتە بە هاوپەیمانیێک حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا بەڕێوەدەبات کە لە پارتی سۆشیاڵ دیموکرات، پارتی سەوز و پارتی دیموکراتە ئازادەکان پێکهاتووە.
 
شۆڵتز گوتی: "ژنان و پیاوان هەر یەکەیان نیوەی دانیشتووان پێکدەهێنن، بۆیە پێویستە ژنانیش نیوەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت. زۆر سەربەرزم کە ئەم شتەمان بەدیهێناوە."
 
 ئەمەش بە واتەی ئەوە دێت کە جگێرەوە پیاوەکەی ئەنگێلا مێرکل توانی ئەو شتە بەدیبهێنێت کە ماوەی شازدە ساڵ ژنە بەهێزەکەی ئەڵمانیا نەیتوانی بەدییبهێنێت، کە ئەویش دابەشکردنی یەکسانیی پۆستە باڵاکانی حکومەتە بەسەر هەر دوو رەگەزەکەدا. 
 
مێرکلی نەریتخواز بۆ ماوەیەکی زۆر خۆی لە وشەی فێمینزم بەدوورگرت. تاوەکو ساڵانی کۆتایی دەسەڵاتەکەشی، بە دەگمەن باسی لە بەرەوپێشبردنی رۆڵی ژنان دەکرد. بە جۆرێک کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دەڵێت: "ژنان زۆر بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە نەبینیوە لە ئەڵمانیا". تەنانەت لە سیاسەتیشدا، کە مێرکل بووە نموونە بۆ زۆر لە ژنان، ژمارەی وەزیر و ئەندام پەرلەمانە ژنەکان لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا تەنیا یەک لەسەر سێ بوو. 
 
بەڵام رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەو بارەیەوە دەڵێت: "زۆر کەس سەردەمە درێژ و بەناوبانگەکەی مێرکل بەو هۆکارە دەبینن کە وای لە بەڕێز شۆڵتز و تیمەکەی کردووە ناچار بن پاڵپشتیی یەکسانی رەگەز بکەن لە دابەشکردنی پۆستەکاندا".
 
وەزیرەکان کێن؟
 
نانسی فەیزەر، نوێنەری پارتی سۆشیاڵ دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی هێس، دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا. 
 
لە گوتاری پەسەندکردنی راسپاردنەکەیدا، فەیزەر باسی لە رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژیی راستڕەوەکان کرد.
 
فەیزەر لە ماوەی رابردوودا، یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی لیژنەکانی پەرلەمانی هێس و لێکۆڵینەوەی لەو دۆسیانەدا کردووە کە پۆلیس و ئاژانسە هەواڵگرییەکان نەیانتوانیوە لەسەر "تیرۆر"ی راستڕەوەکان ئاشکرایان بکەن.
 
نانسی فەیزەر کێیە؟
 
لە 30-07-1970 لە باد سۆدن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا لەدایکبووە
سەر بە پارتی سۆشیاڵ دیموکراتە. 
لە 05-04-2003 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی هێس. 
2014 تاوەکو 2019 بووەتە سکرتێری گشتیی پارتی سۆشیاڵ دیموکرات لە هەرێمی هێس. 
لە 04-09-2019 بووەتە سەرۆکی فراکسیۆنی سۆشیال دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی هێس. 
لە 01-10-2019 بە سەرکردەی پارتی سۆشیاڵ دیموکرات لە هەرێمی هێس هەڵبژێردراوە. 
 
وەزیری دەرەوە کێ دەبێت؟
 
ئانالینا بیێربۆک بەربژێرکراوە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەمین وەزیری دەرەوە کە ژن  بێت لە مێژووی وڵاتەکەیدا. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم ژنە تەمەن 40 ساڵە پێشتر جیمناست (یاریزانی جیمناستیک) بووە. 
 
ئانالینا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی سەوز؛ لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا نەیتوانی خەونی جێگرتنەوەی مێرکل بەدەستبێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانیی دەنگدەران لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەڵێنەکانی خۆی بۆ هێنانەدیی  "دەستپێکێکی تازە" بۆ ئەڵمانیا، ئەویان لە هەڵبژاردنەکانی 26ی ئەیلوولدا گەیاندە پلەی سێیەم و 15٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
ئانالینا بیێربۆک کێیە:
 
لە 15-12-1980لە شاری هانۆڤەر لەدایکبووە.
سەر بە پارتی سەوزە
لە 2013 - 2021 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدڕالیی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) بوو. 
2009  - 2013 سەرۆکی هاوپەیمانی (هاوپەیمانیی 90 و سەوزەکان) بوو لە براندنبێرگ. 
27-01-2018 دووبارە بە سەرۆکی هاوپەیمانەکە هەڵبژێردرایەوە و تائێستاش ئەو پۆستەی بەدەستەوەیە. 
 
وەزیری بەرگری کێ دەبێت؟
 
کرستینە لامبغێشت کە لە کابینەی مێرکلدا وەزیری داد بوو، ئێستا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری دەستنیشانکراوە. 
 
کرستینە لامبغێشت
 
19-06-1965 لە مانهایم لەدایکبووە.
سەر بە پارتی سۆشیاڵ دیموکراتە.
1998 - 2021 ئەندامی پەرلەمانی فیدڕالیی ئەڵمانیا بووە
-2013 2017 سەرۆکی فراکسیۆنی سۆشیاڵ دیموکرات بووە لە پەرلەمانی فیدڕالی وڵاتەکەی. 
14-03-2018 تاوەکو 27-06-2019 سکرتێری دارایی پەرلەمان بووە. 
20-05-2021 بووەتە وەزیری کاروباری خێزان، بەساڵاچووان، ژنان و گەنجان. 
27-06-2019 بووەتە وەزیری داد و پاراستنی بەکاربەر 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران لە تاران. وێنە: Reuters

لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پەسند کرا

رەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئێران بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە".