جیهان
پیاوانی فەریاکەوتن لەبەردەم هۆتێلێکی شارۆچکەی کراماتۆرسک پشوو دەدەن، کە لەلایەن فڕۆکەکانی رووسیاوە هێرشی کرابووەسەر لە 25-8-2024، وێنە: Genya SAVILOV / AFP
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رۆژی شەممە رایگەیاند، سوپاکەی توانیویەتی گوندێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکات و سەربازەکانیان لە پێشڕەویی بەردەوامدان.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، هێزەکانیان گوندی کالینۆڤیان لە هەرێمی دۆنێتسک "ئازاد" کردووە، کە بە دووری 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری گرنگی پۆکرۆڤسک.
هێزەکانی رووسیا ماوەی چەند مانگێکە دەستیان بە پێشڕەوی کردووە بەرەو شاری پۆکرۆڤسک، ئۆکرایناش داوای کردووە منداڵان لە ناوچەکە بگوازرێنەوە.
ئۆکراینا خۆی بۆ شەڕێکی خوێناوی لەسەر شارەکە ئامادە دەکات، کە گرنگیێکی زۆری لۆجستی بۆ هێزە ئۆکراینییەکان هەیە.
مۆسکۆ پێشتر کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەک گوندی ناوچەکەی راگەیاند، تەنانەت لە کاتێکدا سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینایە بۆ سەر خاکەکەی لە قووڵایی هەرێمی کورسک.
رۆژی پێنجشەممە، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، "ئامانجی سەرەکی" شەڕەکە کۆنترۆڵکردنی هەموو هەرێمی دۆنباسە، کە دۆنێتسک و لوگانسک لەخۆدەگرێت.
مۆسکۆ لای خۆیەوە ئەو دوو پارێزگەیەی لەگەڵ هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا لە ساڵی 2022 بە خاکی رووسیاوە لکاندن، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا وەک بەشێکی خاکی ئۆکراینا سەیریان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ