رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی نیدەرزاکسنی ئەڵمانیا بڕیاریداوە دوو جەژنی ئێزدییەکان بە فەرمی بناسێنێت. هەرێمەکە بە فەرمی لەم هەفتەیەوە کار بە یاسایەک دەکات کە تێیدا داننراوە بە جەژنەکانی سەری ساڵ یان چوارشەمبا سۆر و جەژنی رۆژووی ئێزدییان.
منداڵانی ئێزدی لەو دوو جەژنەدا بۆیان هەیە نەچنە قوتابخانە. لەو بارەیەوە ئەلیاس یانچ، سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە شاری ئولدنبورگ، میوانی دیاسپۆرابوو و، رایگەیاند، بڕیارەکە بۆ ئێزدییەکان گرنگی خۆی هەیە و هەوڵ دەدەن لە هەرێمەکانی دیکەش یاساکە جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی ماڵی ئێزدییانی ئوڵدنبورگ گوتی، "یاساکەی هەرێمی نیدەرزاکسن بۆ ئێزدییانی هەرێمەکە بایەخی زۆری هەیە و ئێمە بەجیددی کاردەکەین بۆ ئەوەی یاساکە لە تەواوی ئەڵمانیا جێبەجێبکرێت".
سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی بۆچی هەرێمی نیدەرزاکسن رازی بوو بە پەسەندکردنی یاساکە، ئەلیاس یانچ گوتی، "چونکە زۆرترین ئێزدی نیشتەجێی ئەڵمانیا لە هەرێمی نیدەرزاکسن دەژین".
جەژنەکانی سەریساڵ یان چوارشەمبا سۆر و جەژنی رۆژووی ئێزدییان دوو جەژنی کوردی ئێزدین و ئێزدییەکان لەهەر شوێنێکی جیهان بن جەژنەکانیان دەکەن و خۆشی و شادی دەردەبڕن.
ئەلیاس یانچ ئاشکرایکرد، بەگوێرەی یاساکە؛ منداڵانی ئێزدی لە جەژنەکانیان بۆیان هەیە نەچنە قوتابخانە و لەگەڵ خانەوادەکانیان جەژن بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ