هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا؛ 6293 بەربژێر پێشبڕکێ لەسەر 577 کورسی دەکەن

06-06-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 12ی ئەم مانگە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا بەڕێوەبچێت و بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە هەڵدەبژێردرێن. ماری لوپێن سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە ئیمانوێل ماکرۆنی دۆڕاند، بەڵام هاتووەتەوە گۆڕەپانەکە و چاوی لە زۆرینەی پەرلەمانییە.
 
ماری لوپێن، سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانی رایگەیاند، "بە هێزی دڵ و دەنگی ئێوە و گەل، لە 12ی حوزەیراندا دەتوانین نەفرەتی سیستمی دەنگدانی نادادپەروەرانە کۆتایی پێبهێنین کە ماوەیەکی زۆرە بەرکارە؛ بۆ ئەو کەسانەی گومانیان لە هەبوونی ئەم سیستمە هەیە، پێنج ساڵی رابردوو و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەسە بۆئەوەی لەم سیستمە تێبگەن."
 
هەڵبژاردنەکە بە دوو گەڕ بەڕێوەدەچێت؛ لە گەڕی یەکەمدا شەش هەزار و 293 بەربژێر پێشبڕکێ لەسەر 577 کورسیی پەرلەمانی دەکەن کە زۆرینەی پێویست 289 کورسییە.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن 27%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت؛ پارتی ژان لوک مێلونشۆن 25%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. هەرچی پارتەکەی ماری لوپێنی رکابەری ماکرۆنە، 21%ی دەنگەکان مسۆگەر دەکات؛ پارتەکەی ڤالێری پێکرێس 10% دەنگەکان و پارتی ئێریک زیمۆ-ش 6%ی دەنگەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران مسۆگەر دەکات.
 
ئیمانوێل ماکرۆن لەدوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری فەرەنسا، دەستی بە گەڕان بەنێو دامەزراوەکانی وڵاتەکەیدا کردووە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "دەبێت بیر لەو ئاستەنگانە بکەینەوە کە رووبەڕوومان دەبنەوە، بۆئەوەی ئازادیی زیاتر بە مامۆستایان ببەخشین. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دایک و باوکان و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان کار بۆ دەرفەتی یەکسان دەکەین. ئەمە پەیمانی کۆمارییەکانە."
 
هەر کەسێک لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا 50%ی دەنگەکانی بازنەی خۆی بەدەستبهێنێت، بەبێ گەڕی دووەم دەچێتە پەرلەمانەوە؛ هەر کەسێکیش 12.5%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت لەگەڵ رکابەرەکانی دەچێتە گەڕی دووەم، لەو رێژەیەش کەمتر ناچێتە گەڕی دووەم کە لە 19ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە