رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رەخنە لە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەگرێت بەوەی، شەڕی بازرگانیی ئەمریکا- کەنەدا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە تەلەفۆن قسەیانکرد.
رۆژی چوارشەممە، 05-03-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، "نەیتوانی پێمبڵێت هەڵبژاردنی کەنەدا کەی دەکرێت. ئەمەش وایلێکردم پرسیار بکەم، ئەرێ چی روودەدات؟ دواتر بۆم دەرکەوت، ئەو پرسەکە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە."
ترودۆ، لە مانگی یەکی ئەم ساڵ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی پارتی لیبراڵیی کەنەدا بڕیاری دا لە کۆتایی ئەم هەفتەیە کەسێک بۆ شوێنی ئەو دەستنیشان بکەن.
ئەو کەسە نوێیە دەبێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا و هەڵبژاردنیش رادەگەیێنێت، هەڵبژاردنەکەش پێویستە تاوەکو پێش مانگی 10ـی ئەم ساڵ بکرێت. شرۆڤەکاران دەڵێن، هەڵبژاردن زووتر دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەسەڵاتی هەیە، لە هەرکاتێکی خولی پێنج ساڵەی حکومەتدا بڕیار بدات هەڵبژاردن بکرێت.
لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، لەگەڵ ترودۆ پەیوەندییەکی لاواز و لەرزۆکیان هەبووە، کێشەکەش لەسەر بازرگانی و بەقاچاخبردنی دەرمانی فێنتانیل بووە.
دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری دا باجی گومرگیی 25٪ بخاتە سەر کاڵاکانی کەنەدا کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێن، رۆژی سێشەممە ترودۆ رایگەیاند: "پێموایە ترەمپ کەسێکی زیرەکە و ئەو پێناسە گومرگییە شتێکی گەمژانەیە."
ئەو هەروەها گوتی، کە ترەمپ دەیەوێت ئابووریی کەنەدا تێکبدات و بۆ لکاندنی بە خاکی ئەمریکاوە ئاسانتری بکات.
ترەمپ چەندین جار باسی ئەوەیکردووە، کەنەدا پێویستە ببێتە ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکا و چەند جارێکیش بە ترودۆی گوتووە: "حاکمی کەنەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ