رووداو - هەولێر
رێکخراوی قاعیدە کوژرانی بەرپرسێکی خۆی لە یەمەن پشڕاستدەکاتەوە کە گوماندەکرێت لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژرابێت.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2023، رێکخراوی هەواڵگریی 'سایت'ی ئەمریکا کە رێکخراوێکی راوێژکارییە و چاودرێریی رێکخراوە جیهادییەکان دەکات، هەواڵی کوژرانی سەرکردەیەکی قاعیدەی لە یەمەن لەسەر زاری رێکخراوەکە پشتڕاستکردەوە.
پێشتر، رۆژی 1ـی ئادار، چەند سەرچاوەیەک لەنێو حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی یەمەن رایانگەیاند، حەمەد بن حەموود تەمیمی کوژراوە و وەکو "سەرکردەیەکی باڵا"ی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا ناسێندرا.
تەمیمی، بە رەچەڵەک هاووڵاتییەکی سعودی بوو و بە عەبدولعەزیز عەدنانی ناسرا بوو؛ بەگوێرەی راگەیێندراوێکی رێکخراوی سایت، رۆژی 26ـی شوبات لە پارێزگای مەئریبی باکووری یەمەن کوژراوە.
رێکخراوی سایت، تەمیمی وەکو "بەرپرسێکی میدیایی" دەناسێنێت، کە وەکو خۆی دەڵێت "پێشتر ئۆپەراسیۆنی دەرەکیی رێکخراوی قاعیدەی رێکخستووە".
لای خۆیەوە، قاعیدە رایگەیاند کە تەمیمی، پێش ئەوەی لە ساڵی 2013 دا بچێتە یەمەن، چوار ساڵ لە سعودیە لە زینداندا بووە.
رێکخراوی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و گرووپە دژبەرەکانی کە هاوسۆزن لەگەڵ داعش، لە ماوەی هەشت ساڵی شەڕی نێوخۆی یەمەندا تەشەنەیان کردووە.
لەو شەڕە هەشت ساڵییەدا، سعودیە، لە دژی حوسییەکانی نزیک لە ئێران، پاڵپشتی لە حکومەتی یەمەن دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ