ماکرۆن بەدوای سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا دەگەڕێت

05-12-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا متمانەیان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە و ئەویش دەستی لەکار کێشایەوە، ئێستا سەرۆکی فەرەنسا بیر لە دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەکاتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 05-12-2024 کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سیاسەتڤانان و چەند ئەندام پەرلەمانێکی فەرەنسا کۆبووەتەوە. 
 
دوێنێ چوارشەممە، راست و چەپە تووندڕۆکانی پەرلەمانی فەرەنسا بە دەنگی زۆرینە متمانەیان لە میشێل بارنیێ، سەرۆکوەیزیرانی وڵاتەکە وەرگرتەوە. سەرۆکوەزیرانیش دوای رۆژێک نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی سەرۆکی فەرەنسا کرد.
 
بەگوێرەی ئیلیزێ، ماکرۆن داوای لە حکومەت و سەرۆکوەزیرانەکە کردووە جارێ وەکو حکومەتێکی کاربەڕێکەر لە پۆستدا بمێننەوە.
 
جووڵە هەستیارەکەی پەرلەمان دوای ئەوە هات، میشێل بارنیێ رۆژی 02-12-2024 وەک پلانێک بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنان، بودجەی 2025ـی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان تێپەڕاند. بارنیێ پلانی دانابوو باج بە بڕی 60 ملیار دۆلار زیادبکات و خەرجییەکانیش کەمبکاتەوە. تووندڕۆکانی پەرلەمان لەوە ناڕازی بوون و دەریانکرد.
 
میشێل بارنیێ 91 رۆژ لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا مایەوە، بووە یەکەم سەرۆکوەزیرانی مێژووی فەرەنسا کە کەمترین ماوە لەو دەسەڵاتەدا مابێتەوە. هەروەها، 62 ساڵ بوو لە فەرەنسا پەرلەمان متمانەی لە حکومەت وەرنەگرتبووەوە.
 
لۆرێنت واکیز، سەرۆکی راستڕۆکانی پەرلەمان رایگەیاند، هەردوولایەنی چەپ و راستی تووندڕۆ، "بەرپرسیارێتیی لێسەندنەوەی متمانە لە ئەستۆ دەگرن، کە وڵاتەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبات."
 
تەممووزی ئەمساڵ، ماکرۆن حکومەتی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند. بۆیە، تاوەکو تەممووزی 2025 هیچ هەڵبژاردنێک لە فەرەنسا ناکرێت.
 
سێ سەرچاوەی ناونەهێنراو بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ماکرۆن دەیەوێت بە خێرایی کەسێک بۆ شوێنی بارنیێ دەستنیشانبکات. یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت، ماکرۆن دەیەوێت لە نێوان پێنجشەممە بۆ هەینی 06-12-2024 ناوێک دیاریبکات. 
 
رۆژی شەممە 07-12-2024 ئیمانوێل ماکرۆن بە یاوەریی چەندین میوانی باڵا، لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کەنیسەی نۆتردام دەکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی، نۆتردام لە 2019 ئاگری گرت و تاوەکو ئەمساڵیش کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە تێیدا بەردەوام بوو.
 
پێناچێت ماکرۆن بتوانێت لە دوو رۆژدا ئەو کارە ئەنجام بدات، لە هەڵبژاردنی میشێل بارنێێ لە تەممووزی ئەمساڵ کاتی زیاتری ویست.
 
یائیل برۆن پیڤێ، سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "پێشنیاز دەکەم ئەو [ئیمانوێل ماکرۆن] بە خێرایی سەرۆکوەزیرانێک دەستنیشان بکات؛ گرنگە شتەکان بە هەڵواسراوی بەجێ نەهێڵین."
 
فەرەنسا ئێستا لە بەردەم مەترسیی حکومەت و بودجەیەکی ناسەقامگیردایە. بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماکرۆن نانی نیوەڕۆی لەگەڵ فرانسوا بایرو، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتیی میانڕۆ خواردووە. میدیای فەرەنسا دەڵێت، "بایرو یەکێکە لە بژاردەکانی ماکرۆن."
 
ماکرۆن وەکو سەرۆکی فەرەنسا تاوەکو 2027 بە شێوەیەکی یاسایی دەتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی دەستلەکار کێشانەوەی پیشان نەداوە.
 
ماری لوپێن، سەرکردەی حیزبی بەرەی گەل دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان کە سەرۆکوەزیرانی تێدا لەکار لادرا گوتی: "بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم دۆخەی ئێستا ئیمانوێل ماکرۆنە. من بە سەرۆکی فەرەنسا ناڵێم دەستلەکار بکێشێتەوە، قسەی کۆتایی لەلای خۆیەتی؛ بەڵام گوشارەکان تادێن زیاتر دەبن."
 
بەگوێرەی راپرسییەکی ناوخۆیی فەرەنسا، 64٪ـی دەنگدەران پێیان باشە ماکرۆن بکشێتەوە. بەگوێرەی دەستووری فەرەنسا، بۆ لادانی سەرۆکی وڵات لە پۆستەکەی، پێویستە دوو لەسەر سێی پەرلەمان هاوڕابن لەسەر ئەوەی "سەرۆکی وڵات بە خراپی شکستی هێناوە لەوەی رۆڵی خۆی بە تەواوی جێبەجێبکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە