رووداو دیجیتاڵ
لە باشووری تایلاند زیاتر لە 30 هەزار کەس بەهۆی لافاوەوە دەربەدەر بوون و تاوەکو ئێستاش گیانلەدەستدانی 29 کەس پشتڕاستکراوەتەوە. لە مالیزیاش هەفتەیەکە کاریگەری لافاو ماوە و هەزاران کەس دەربەدەر بوون.
رۆژی چوارشەممە، 04-12-2024، وەزارەتی تەندروستیی تایلاند بڵاویکردەوە، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە پێنج پارێزگەی باشووری تایلاند و دروستبوونی لافاو، "29 کەس گیانیان لەدەستداوە."
وەزارەتەکە گوتیشی، هەریەک لە پارێزگەکانی پاتانی، ناراتیوات، سۆنگکلا، ناکۆسی تامارات و پاتالونگ بەر لافاو کەوتوون و نزیکەی 33 هەزار کەس ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و دەربەدەر بوون.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی تایلاند رایگەیاند، پێشبینیی بارانی بەخوڕتر دەکەن، تائێستا زیاتر لە 155 هەزار خێزان بەهۆی لافاوەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
حکومەتی تایلاند چەندین تیمی فریاگوزاری ناردە شوێنە زیان بەرکەوتووەکان و یارمەتیی لێقەوماوانیان دەدا.
فەرمانگەی کەشناسیی تایلاند هۆشداریدا، بارانێکی بەخوڕ لە دەریای باشووری چین و دەریای ئاندامان لە مالیزیا بەرەو باشووری تایلاند بەڕێوەیە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی تایلاند هۆشداری دا، ئەگەری رۆچوونی زەوی و لافاوی بەهێز تاوەکو 05-12-2024 هەیە.
دوێنێ سێشەممە، کابینەی حکومەتی تایلاند رایگەیاند، هەر خێزانێکی زیان بەرکەوتوو 260 دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت.
لافاوەکانی مالیزیا
لە مالیزیای دراوسێی تایلاند، هەفتەی رابردوو لانیکەم 150 هەزار کەس دەربەدەربوون. ئێستا ئاوی لافاو کەمی کردووە و خەڵک وردە وردە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و کارەکانیان.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی قەیرانی کارەساتی سرووشتی لە مالیزیا (NADMA) رایگەیاند، 64 هەزار و 684 لەلایەن تیمەکانەوە رزگارکراون و بەرەو شوێنی سەلامەت براون.
هەرچەندە ئاژانسەکە پێشتر رایگەیاندبوو، پێنج کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکەی بۆ دوو کەس کەمکردەوە و هیچ هۆکارێکیشی باس نەکرد.
خەیرول شەهریل ئیدرووس، بەڕێوەبەری گشتیی نادما رایگەیاند، ئاژانسەکەیان خۆی بۆ شەپۆلی دووەمی لافاو ئامادە دەکات.
نازری ناوی، کە لەفە فرۆشە گوتی: "هەرگیز شتی وا رووینەداوە. عارەبانەکەم لەدەستدا و تازە ناتوانم لە سفرەوە دەستپێبکەمەوە."
هەرچەندە ناوچەکە بە بارانی وەرزیدا تێدەپەڕێت، بەڵام کەشناسەکانی وڵاتەکە هۆکارەکەیان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا گەڕاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ