ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی تاڕادەیەک ناتۆی نیگەران کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، تاڕادەیەک ناتۆی نیگەران کردووە. سکرتێری گشتیی نوێی ناتۆ سەردانی ئەڵمانیای کرد و لە لێدوانی نێو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا ئاماژەیەک لەسەر ئەو نیگەرانییە هەبوو.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئامانجی هاوپەیمانیی ئاتلانتیکی روونە؛ بەهێز بین لەبەردەم ئەوەی دەیەوێت هێرشمان بکاتە سەر. ناتۆ بنەمای سەرەکیی ئاسایشی هاوبەشی ئەمبەر و ئەوبەری زەریای ئاتلانتیکە و هەر بەو جۆرەش دەمێنێتەوە."
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، "هەر کەس براوە بێت، ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، لەگەڵ هاریس کار دەکەین و لەگەڵ ترەمپیش کار دەکەین. گرنگ ئەوەیە ناتۆ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە."
 
لە چوار ساڵی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، کێشەی نێوان ئەمریکا و ناتۆ بە زەقی دەرکەوت. ترەمپ ئەو کات داوای لە 30 ئەندامەکەی ناتۆ دەکرد لانیکەم 2%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان تەرخان بکەن بۆ خەرجیی سەربازی و بەگری؛ بەڵام تاوەکو کانوونی یەکەمی 2019، تەنیا 9 وڵات گەیشتبوونە ئەو رێژەیە.
 
رۆژی 04-12-2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا رایگەیاند، "ویستم ئەوانەی کە لە 2%ی بەرهەمی ناوخۆییان خەرجیی سەربازی دەکەن، بانگهێشتی خوانێك بکەم."
 
لە ساڵی 2019وە تاوەکو ئەم ساڵ ژمارەی ئەو ئەندامانەی ناتۆ بۆ 23 وڵات بەرزبووەتەوە و لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی ئۆکراینا، پێشبینیی زیادبوونی ژمارەیان دەکرێت. هەرچەندە ترەمپ دواتر داواکارییەکانی لە 2%وە بۆ 3% بەرزکردەوە و هەڕەشەی کشانەوەی لە ناتۆ کرد.
 
پێچەوانەی ئیدارەی بایدن، ترەمپ بانگەشە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئەو لە کۆشکی سپی بوایە، هیچ شەڕێک رووی نەدەدا.
 
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، "ئاراستەی با لە ئەمریکا وا دەگۆڕێت. دیموکراتەکان دەڕۆن و کۆمارییەکان دێن، دۆناڵد ترەمپ دەبێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، واتە لایەنگرانی ئاشتی لە رۆژئاوا دەبنە زۆرینە، پێچەوانەی ئەوانەی ئێستا کە زۆرینە لایەنگری شەڕن."
 
کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی وڵاتانی ناتۆ زیاتر لە 45 تریلیۆن دۆلارە؛ نزیکەی تریلیۆنێک و 470 ملیار دۆلار بۆ کەرتی سەربازی تەرخان دەکەن؛ لە سەرووی هەموویانەوە بە ریزبەندی: پۆڵەندا سەرووی 4%، ئیستۆنیا و ئەمریکا و لاتڤیا و یۆنان لە 3%ی بودجەیان بۆ خەرجیی سەربازییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە