لەسەر 'چیپ' شەڕیانە؛ چینییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا چی دەڵێن؟

05-11-2024
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
بەشێکی چینییەکان بۆیان گرنگ نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
بەشێکی چینییەکان بۆیان گرنگ نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو - چین

لە کاتێکدا خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرقاڵی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێن و چاوی زۆرینەی جیهان لەسەر ئەمریکایە، لە وڵاتی چینی رکابەریشی، ئەنجام و دەرهاویشتەکانی رۆژەڤی گەرمە. بەشێکی چینییەکان بەلایانەوە گرنگ نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا و بەشێکی دیکەشیان بۆچوونی دیکەیان هەیە.
 
شی تیان ژی، خوێندکاری خوێندنی باڵا لە چین دەڵێت، "پێموایە ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، چونکە پێموایە لە ئەمریکا خەڵکێکی زۆرتر پشتگیریی لێدەکەن، هەروەها سەرۆکێکی بەسۆزە. پێشتریش هەواڵێک هەبوو کە فیشەکێک بەر گوێی کەوت، بەڵام ئەو هاواری دەکرد، بەوەش سەرنجی چینییەکانی بەلای خۆیدا راکێشا، وەکو سەرکردەیەکی بەسۆز خۆی نیشاندا. پێموایە ئەگەر ترەمپ هەڵبژێردرێت، رەنگە کاریگەری و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لەگەڵ سیاسەتەکانی چین نەبێت. پێموایە هیچ باشتر یان خراپتر نابێت. ئەوەندەی تێبگەم، ئەو کاریگەریی زۆری نابێت."
 
لە سەردەمی ترەمپ پێناسەی گومرگی لەسەر کاڵاکانی چین سەپێندرا و بایدن بەردەوامیی پێدا؛ باجی سەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینیش تاوەکو رێژەی 100% زیادی کردووە.
 
ئێستا شەڕی سەرەکیی ئەم دوو وڵاتە لەسەر کۆنترۆڵی بازاڕی چیپە؛ ئەو ئامێرە بچووکە بەکارخەرانەی لە پیشەسازیی مۆبایلێکی سادەوە بگرە تاوەکو تانک و فڕۆکە تێیاندا بەکاردەهێندرێت.
 
ئەو پرسە وایکردووە کە بۆ چینییەکان، کێ سەرۆک بێت لە ئەمریکا، جیاوازییەک لە سیاسەتی ئابوورییان ناکات.
 
کاترین گوانگ، ستافی کۆمپانیایەکی چینی دەڵێت، "بۆم گرنگ نییە، چونکە ئەمە کاروباری خۆیانە لە ئەمریکا و هیچ پەیوەندییەکی بە چینەوە نییە. پێموانییە کاریگەرییەکی بەرچاو هەبێت لە سیاسەتەکانیان بەرامبەر بە چین، چ هاریس سەربکەوێت یان ترەمپ، کاریگەرییەکانیان هاوشێوەی یەکە."
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە چینییەکان پێیانوایە بە هاتنەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، فۆکەسی سەربازیی ئەمریکا بۆ بابەتە بازرگانی و داراییەکان دەگۆڕدرێت.
 
وانگ جینگ، ستافی خانەنشینکراو پێیوایە ترەمپ سەردەکەوێت، "ئەگەر سەرکەوت لانیکەم شەڕی نوێ نابێت. ئەگەر سەرکەوت، سەرەتا ئۆکراینا ئارام دەبێتەوە، شەڕیش نامێنێت. لە وڵاتانی دیکەش شەڕ دەستپێناکات؛ چونکە سەرنجی سەرەکیی ترەمپ لەسەر شەڕە بازرگانییەکان و ئابوورییە."
 
سەرەڕای ناکۆکی و رکابەریی تووندی ئەو دوو وڵاتە زلهێزە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەمریکا و چین لە ساڵی 2023 گەیشتە 285 ملیار دۆلار، ئەمریکا بە بەهای 153 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی چین کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە