رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی ژمارەیەک بەرپرسی لە کارەکانیان دوورخستنەوە، لە نێویاندا چوار ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی.
لەکارلادانی ئەو بەرپرسانە دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە، خانمە چالاکڤانێکی راستڕۆی تووندڕۆ بە ناوی لۆرا لومەر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و داوای لێکرد ژمارەیەک کەس لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دووربخاتەوە، بە تۆمەتی ئەوەی کەسانی دڵسۆز نین، ئەوە بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە بۆ میدیای ئەمریکی قسەیان کردووە.
یەکێک لەوانەی دوورخراوەتەوە، جێگری یەکەمی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییە.
سەرچاوەیەک بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، لومەر لیستێکی ئامادە کردبوو کە زیاتر لە 10 ناوی تێدا بوو بۆ ئەوەی ترەمپ دووریان بخاتەوە.
لومەر یەکێکە لەو کەسایەتییانەی بە هەڵگری بیردۆزی پیلانگێڕی ناوبانگی دەرکردووە. لومەر لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، یەکێک بوو لە دەنگە داکۆکیکارە دیارەکانی ترەمپ.
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لە کاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەڤانان لە نێو ئێیەر فۆرس وەن (فڕۆکەی سەرۆکایەتی)دا بەرگری لە دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانە کرد و گوتی: "هەمیشە رێگە بە رۆیشتنی خەڵک دەدەین؛ ئەو خەڵکەی بە دڵمان نین یان ئەو خەڵکەی پێمان وایە ناتوانن کارەکەیان بکەن، یان ئەو کەسانەی دڵسۆزی لایەنێکی دیکەن."
بەڵام سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە لومەر پەیوەندی بە لەکارلادانەکەوە هەبێت و گوتی، ئەو ژنە "نیشتمانپەروەرێکی زۆر باشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ