تەقەکەرەکەی سوێد بە 'تفەنگی راو' 11 کەسی لە قوتابخانەیەک کوشت؛ 'خوێناویترین رووداوە'

05-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی سوێد تەقەکردنەکەی شاری ئۆریبرۆ لە نێوەڕاستی سوێد بە "خوێناویترین رووداوی تەقەکردن" لە مێژووی ئەو وڵات ناوبرد و رایگەیاند، کاریگەریی گەورەی لەسەر کۆمەڵگەی سوێدی دەبێت.
 
پۆلیسی سوێدی بڵاویکردەوە، کاژێر 12:33ی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ئاگادار کرانەوە لە رووداوێکی تەقەکردن لە قوتابخانەیەک. میدیای سوێدی زوو بڵاویکردەوە، کەسێک بە چەکەوە هەڵیکوتاوەتە سەر قوتابخانەکە و بە هەڕەمەکی دەستڕێژی لە فێرخوازان کردووە.
 
تاوەکو ئێستا پۆلیس کوژرانی 11 کەسی پشتڕاست کردووەتەوە، 6 کەسی دیکەش بریندارن و هەندێکیان برینیان سەختە و نەشتەرگەرییان بۆ کراوە.
 
دواتریش پۆلیس بۆی دەردەکەوێت یەکێک لە بریندارەکان تەقەکەرەکەیە، کە پاشان لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
"تەقەکەرەکە بە تفەنگی راوکردن هێرشەکەی کردووە"
 
بەگوێرەی میدیای سوێدی، تەقەکەرەکە پیاوێکی تەمەن 35 ساڵانی بێ کار بووە.
 
ئەو هاووڵاتییە کاتێک چووەتە نێو قوتابخانەکە، تفەنگی راوکردنی پێبووە و مۆڵەتی چەکهەڵگرتنیشی هەبووە. هەر مۆڵەتی چەکەکەش بووە کلیلی دۆزینەوەی ناسنامەی هێرشکارەکە لەلایەن پۆلیسەوە.
 
دوای دۆزینەوەی ناسنامەی هێرشکارەکە، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ئەو ماڵەی دەگوترێت تەقەکەرەکەی تێدا ژیاوە.
 
میدیای سوێدی دەڵێت، پۆلیس بۆی دەرکەوتووە 8 ساڵ لەمەوبەر ئەو هاووڵاتییە لەناکاو ناوی خۆی گۆڕیوە و کەسوکارەکەیشی دەڵێن، "هۆکاری ناو گۆڕینەکە نازانن."
 
خزمێکی تەقەکەرەکە بە رۆژنامەی ئافتونبلادتی سوێدی راگەیاند، "لە ساڵانی رابردوودا زۆر پەیوەندیمان نەبوو لەگەڵ یەکدی؛ بە منداڵی لە قوتابخانە قوتابییەکی زیرەک بوو، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا کێشەی زۆری هەبوو."
 
پۆلیس دەڵێت، ئەو کەسە هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە، پەیوەندیشی بە باندە مافیا و تاوانکارییەکانەوە نەبووە؛ تاوەکو ئێستاش پۆلیس هۆکاری پشی هێرشەکە نازانێت.
 
قوتابخانەکە ناوی ریسبیرییە و بەگوێرەی رۆژنامەی ئافتونبلادت، تەقەکەرەکە کەسێکی دوورەپەرێز بووە و حەزی بە تێکەڵبوون نەبووە، کێشەی کۆمەڵایەتیی هەبووە و دوور لە خێزانەکەیشی ژیاوە.
 
خزمێکی ئەو هاووڵاتییە بە رۆژنامەی ئێکسپریسی سوێدی راگەیاند، هێرشکارەکە "کێشەی دروونیی هەبووە و لە رابردوودا زۆر هاوڕێی هەبووە، بەڵام بەم دواییانە هیچ هاوڕێییەکی نەبووە."
 
فێرخوازێک، کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە رۆژنامەی ئافتونبلادتی گوتووە، "وادیاربوو چەکی قورسی پێیە، بەرەو قوتابخانەکە هەنگاوی نا. پێموایە دوو چەکی پێ بوو؛ یەکێکیان بە شانیەوە و ئەوی دیکەش بە دەستیەوە؛ دەنگێک هات و وامزانی کەسێک شتێکی بەرکەوتووە؛ هێدفۆنم لە گوێدا بوو، دەنگی تەقەم بیست و ئینجا زانیم بەڕاستی دەنگی گولـلەیە، بەرەو دەرگای دەرەوە هەڵاتم. خەڵک بەرەو دەرەوە هەڵدەهاتن و بەسەریەکدا دەکەوتن، بەڕاستی دیمەنێکی سامناک بوو."
 
"رووداوێك شارێکی ئارام شۆک دەکات"
 
شاری ئۆریبرۆ زۆربەی کات ئارامە، بەڵام رۆژی سێشەممە، ئەو رووداوە ئەو شارەی خوێناوی و هاووڵاتییانی تووشی شۆک کرد.
 
سیا سانداڵ، دانیشتووی ئەو شارەیە و کوڕەکەی لەو قوتابخانەیە دەخوێنێت و دەڵێت، "حەپەسام. شتی لەم جۆرە نابێت رووبدات؛ نابێت لە قوتابخانەکان ئەم شتانە رووبدەن؛ نابێت رووداوی لەم جۆرە لە سوێد و لە هیچ شوێنێکی دیکە رووبدات."
 
کەسێکی دیکە بەناوی خەیام بایەزیدی، کە دووکاندارە لەو شارە، دەڵێت، "زۆربەی کات ئێرە ئارامە، بەڵام ئەوەی روویدا، مایەی خەمناکییە و دڵگرانم بۆ ئەو کەسانەی بوونە قوربانی."
 
ئەو هێرشە بە "خوێناویترین" رووداوی تەقەکردن لە مێژووی ئەو وڵاتە دەژمێردرێت.
 
پار 262 رووداوی تەقەکردن لەو وڵاتە روویاندابوو و ببوونە هۆی کوشتنی 40 کەس کە بەرزترین ژمارەی کوشتن بوو بە تەقەکردن لە وڵاتانی ئەورووپادا.
 
رووداوەکە هێندە گەورەیە کە سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێت، پێشتر شتی وەها رووی نەداوە.
 
ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند: "ئەمە خوێناویترین رووداوی تەقەکردنە لە مێژووی سوێددا."
 
سەرۆکوەزیرانی سوێد گوتیشی، "زۆر پرسیار هەن بێ وەڵام ماونەتەوە. کاتێک دێن هەموو هۆکارەکانمان بۆ روون دەبنەوە و دەزانین هۆکارەکانی پشی هێرشە چی بوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەنتەرێکی تۆمارکردنی کۆچبەران لە ئەڵمانیا.

دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگە بە حکومەتی فیدراڵی دەدات کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە

دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگەی بە حکومەتی فیدراڵی دا لەمەودوا کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە. بڕیارەکەی دادگە لەسەر سکاڵای دوو کۆچبەر بوو کە داوایان دەکرد نەیاننێرنەوە یۆنان. رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی کۆچبەران لە بڕیارەکە نیگەرانن.