رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا دەستی بەسەر فڕۆکەیەکی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلادا گرت. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، فڕۆکەکە بەشێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی کۆمپانیایەکی سێبەرەوە کڕدراوە و بە قاچاخ لە ئەمریکاوە بردراوەتە دەرەوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە کۆماری دۆمینیکان دەست بەسەر فڕۆکەکەدا گیراوە، کە لە جۆری داسۆڵت فاڵکۆن 900EXــە، دواتر گوێزراوەتەوە بۆ ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کۆتایی ساڵی 2022 و سەرەتای ساڵی 2023ـدا لە رێگەی کۆمپانیایەکی سێبەرەوە کە بارەگاکەی لە ناوچەی کاریبییە، ئەو فڕۆکەیەی کڕیوە.
فڕۆکەکە بە 13 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیایەکی فلۆریدا کڕدرابوو و دواتر لە ئەمریکاوە گوێزرابووەوە ناوچەی کاریبی و پاشانیش بۆ ڤەنزوێلا.
بە گوێرەی ئەو سزا ئابوورییانەی واشنتن بەسەر ڤەنزوێلادا سەپاندوونی، رێگە بە هیچ مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ مادورۆ و کەسە نزیکەکانی نادرێت.
فڕۆکەکە لەلایەن سەرۆکی ڤەنزوێلاوە بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بەکاردەهات، لەنێویاندا دوو گەشتی ئەم ساڵ بۆ گایانا و کوبا؛ هەروەها لە کۆتایی ساڵی 2023ـدا بۆ گۆڕینەوەی ژمارەیەک بەندکراوی ئەمریکی بە بەندکراوێکی ڤەنزوێلی کە لەسەر سپیکردنەوەی پارە لە ئەمریکا دەستگیرکرابوو، بەکارهێنرابوو.
مێریک گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، فڕۆکەکە لە لایەن "مادورۆ و دارودەستەکانییەوە" بە قاچاخ بردراوەتە دەرەوەی ئەمریکا.
رۆژی دووشەممە حکومەتی ڤەنزوێلا دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکەی پشتڕاستکردەوە و رێکارەکەی ئەمریکای بە "کارێکی تاوانکارانەی دووبارەبووەوە کە جگە لە چەتەگەرایی ناکرێت بە هیچ شێوەیەکی دیکە وەسف بکرێت" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ