رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هۆڵەندا رایگەیاند، پیاوێک لە گۆڕەپانی (دام) لە ئەمستردامی پایتەخت ئاگری لە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی بەردا. بەگوتەی پۆلیس، پیاوەکە هەوڵیداوە خۆی بکوژێت.
لە چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەدا دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێکی بچووکی سوور لە نزیک گۆشەی باشووری رۆژهەڵاتی گۆڕەپانەکە لە بەردەم مۆنیومێنتی نیشتمانی دەوەستێت. دوای ماوەیەکی کەم دەنگی تەقەینەوەیەک دێت و ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە بەرزدەبێتەوە. پیاوەکە بە ئاگرەوە لە ئۆتۆمبێلەکە خۆی هەڵدەدات و دەکەوێتە سەر زەوی. پۆلیس بەخێرایی ئاگرەکە دەکوژێننەوە.
پۆلیسی ئەمستردام لە ئێکس پشتڕاستی کردەوە: "وێنەی کامێراکان دەریدەخەن کە ئاگرەکە دوای تەقینەوەیەک دەستپێدەکات. لەو کاتەدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە بوون، بەڵام بەپێی زانیارییەکانمان هیچ کەسێک بریندار نەبووە."
پۆلیس گوتی، بڕوایان وایە کە ئاگرەکە بە ئەنقەست لەلایەن شوفێرەکەوە، کە خۆی تێیدا بریندار بووە، کرابێتەوە.
شوفێرەکە گەیێنراوەتە نەخۆشخانە و لەوێ دەستبەسەرە.
دواتر دەرکەوت کە هاووڵاتییەکی هۆڵەندییە و تەمەنی 50 ساڵە و خەڵکی پارێزگایەکی باکووری هۆڵەندایە؛ بەڵام پۆلیس ناوەکەی ئاشکرا نەکرد.
پۆلیس رایگەیاند: "لێکۆڵەران هەموو سیناریۆکان بە کراوەیی دەهێڵنەوە، بەڵام گومانی زۆریان هەیە کە پیاوەکە ویستوویەتی خۆی بکوژێت. گومانی ئەوەی لێدەکرێت خۆی ئاگرەکەی هەڵگیرساندبێت."
شایەتحاڵێک بە تەلەڤیزیۆنی ناوخۆیی ئەی تی 5ـی راگەیاند، لە گۆڕەپانەکە گوێی لە "دەنگێکی بچووک بوو، تەنانەت تەقینەوەی راستەقینەش نەبوو. پاشان لەناکاو دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە هات و دووکەڵی رەش لە ئۆتۆمبێلەکە دەرچوو. دوای ئەوە پیاوەکەم بینی. لەناکاو ئاگری گرت؛ شتێکی نائاسایی بوو."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو لە هەمان شوێن، پیاوێکی ئۆکراینی بە چەقۆ پێنج کەسی بە هەڕەمەکی بریندارکرد.
رۆژی سێشممە داواکاریی گشتیی هۆڵەندا رایگەیاند، ئەو پیاوە بە نیازی "تیرۆریستی" ئەو کارەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ