رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان دەڵێت، مردنی کۆچبەران لەنێو دەریای نێوەڕاست "مایەی قبووڵکردن نییە و زۆربەی کات دەکرێت رێگەی لێبگیرێت".
پاپا فرانسیس رۆژی هەینی، 2-12-2022، داوای لە کاربەدەستان و یاسادانەرانی وڵاتانی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست کرد، بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ پرسی کۆچبەراندا بکەن کە "سوود بە هەمووان بگەیێنێت."
پیاوە ئایینییە تەمەن 85 ساڵییەکە کە خۆی کوڕی کۆچبەرێکی ئیتاڵییە و لە ئەرجەنتین گەورە بووە، زوو زوو قسە لەبارەی مافی کۆچبەران دەکات و چەندین جار بێزاریی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە دەریای نێوەڕاست بووەتە "گۆڕستانێکی گەورە" بۆ کۆچبەران، وەکو خۆی باسی دەکات.
فرانسیس لە نامەیەکدا بۆ رۆما نووسیویەتی: "شکستهێنان لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش بۆ پرسی کۆچبەران، بەردەوام دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی قبووڵنەکراوی خەڵك بە تایبەتی لە دەریای نێوەڕاست کە زۆربەی کات دەتوانرێت رێگری لێ بکرێت."
پاپای کاسۆلیکەکانی جیهان جەختدەکاتەوە کە "ناتوانرێت" کۆچکردن بەرەو ئەوروپا بووەستێندرێت؛ داواش لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات چارەسەرێک بدۆزنەوە کە "سوود بە هەموو لایەک بگەیێنێت و شکۆی مرۆڤ و خۆشگوزەرانیی هاوبەش بپارێزێت."
کۆچی نایاسایی چەندین ساڵە بووەتە مۆتەکەی ئەوروپا؛ حکومەتەکانی کیشوەرەکە پەنایان بردووەتە بەر سیاسەتی تووند بۆ ئەوەی شەپۆلی کۆچبەران و پەناخوازانی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەستێنن.
لە ئیتاڵیا، یەکێک لەو کارانەی کە حکومەتی راستڕۆی سەرۆکوەزیران جۆرجیا میلۆنی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە کردوویەتی، رەتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە بووە کە رێکخراوە خێرخوازییەکان لەنێو دەریادا رزگاریان دەکەن بە جۆرێک کە هەموویانی ناچارکرد پەنا ببەنە بەر فەرەنسا، ئەوەش پاریسی لە رۆما توڕەکرد.
بە گوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR، ئەمساڵ نزیکەی 136 هەزار و 500 کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە گەییشتوونەتە ئەوروپا و زیاتر لە هەزار و 800ی دیکەیان لە رێگەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ