رووداو دیجیتاڵ
دوای بایەکی بەهێز و بارانێکی بەخوڕ، لافاو چەند شوێنێکی وەیڵز و ئینگلاندی لە بەریتانیا گرتەوە و ئاو چووە نێو ماڵ، فرۆشگە و بازاڕەکان.
لافاوەکە لە ئەنجامی زریانێکی بەهێز دروستبوو کە لە بەریتانیا بە بێرت ناونراوە.
حکومەتی بەریتانیا هۆشداریی لە دروستبوونی لافاو لە نزیکەی 100 شوێن داوە.
تاوەکو ئێستا 5 کەس لە ئەنجامی زریانەکە گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها 300 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندراونەتەوە.
لە باشووری وەیڵز، بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، نزیکەی 300 ماڵ و باڵەخانە بەر لافاو کەوتوون.
پۆلیسی وەیڵز رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 75 ساڵ کە بۆ پیاسەکردن بە سەگەکەی چووبووە دەرەوە، لافاو بردوویەتی و تەرمەکەی لە نزیک رووبارێک دۆزراوەتەوە.
ئێلووند مۆرگن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی وەیڵز رایگەیاند، کاریگەریی لافاوەکە "یەکجار وێرانکەر" بووە و 80٪ی کۆی ئەو بارانەی لەم مانگەدا لە ناوچەی هامپشێر باریوە، لە 48 کاژێری رابردوودا بووە.
زریانی بێرت رۆژی شەممە دەستیپێکرد و تا یەکشەممە بەردەوام بوو.
زریانەکە لە چەندین شوێن بووە هۆی داخرانی رێگەکان و هێڵی شەمەندەفەر؛ هەروەها کارەبای هەزاران ماڵ و فرۆشگە بڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ