رووداو دیجیتاڵ
کەرتی گەشتیاری لە سریلانکا گەشەدەسەنێت، بەشێکی ئەو گەشەسەندنەش بۆ شوێنێک دەگەڕێتەوە کە مێژووەکەی بۆ 1300 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بە ناوی سێگیریا.
سریلانکا، یەکێکە لە وڵاتە گەشتیارییەکانی ئاسیا، کە بە هۆکاری ئەمنی، قەیرانی دارایی و هەروەها پەتای جیهانیی کۆرۆنا، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، پاشەکشەی کردبوو، بەڵام ئێستا و لەگەڵ نەمانی هۆکارەکانی پاشەکشەکە، دووبارە کەرتی گەشتیاریی گەشەدەسەنێتەوە.
داتا فەرمییەکانی حکومەتی سریلانکا دەریدەخەن؛ چوونی گەشتیارانی بیانی بۆ سریلانکا لەماوەی هەشت رۆژی کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی 35٪ زیادیکردووە.
سێگیریا (شێرەبەرد) یەکێکە لە دیارترین و بەنێوبنگترین شوێنەوارەکانی وڵاتی سریلانکا، بەجۆرێک هەر گەشتیارێک سەردانی ئەم وڵاتە بکات، دەبێت ببینێت.
سێگیریا بە قەڵای بەردینی کۆن و فرێسکۆی سەرسوڕهێنەر بەنێوبانگە. ئەو ناوچەیە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی سریلانکا، لە سەدەی پێنجەمی زایینی لەلایەن شا کاشیاپاوە وەک قەڵایەکی شاهانە دروستکراوە. قەڵاکە وەک شوێنی مانەوە و قەڵای بەرگریش بەکارهاتووە.
لە دەرگای چوونە ژوورەوەی قەڵاکە، جاران پەیکەرێکی گەورەی شێری تێدابووە، کە ناوی "شێرەبەرد" لەوەوە وەرگیراوە، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا پەنجەکانی ماونەتەوە و سەردانکەران بەرەو لووتکەی قەڵاکە دەبەن.
سێگیریا، بەهۆی گرنگیی کولتووری و تایبەتمەندییە شوێنەوارییەکەوە لە ساڵی 1982ـوە، وەک میراتی جیهانیی یونیسکۆ دەستنیشانکرا، بۆیە بە باشی پارێزگاریی لێ کراوە.
سریلانکا وڵاتێکی کشتوکاڵییە و بە چا و درەختی لاتێکس بەنێوبنگە، بژێویی ژیانی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیشی بە گەشتیارییەوە بەندە.