رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، سەرجەم چالاکییەکانی بزووتنەوەی حەماسی لەو وڵاتە قەدەخەکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا هەروەها رایگەیاند، تۆڕی رێکخراوی سامیدوون کە تایبەتە بە بەرگریکردن لە زیندانیانی فەلەستینی هەڵدەوەشێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیارەکە لەلایەن نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیاوە پەسندکراوە و داواشی کردووە دەستبەجێ دەستبکرێت بە جێبەجێ کردنی.
رێکخراوی سامیدوون، خۆیان بە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ناوبردووە و داکۆکی لە مافی زیندانە فەلەستینییەکان دەکەن لە جیهاندا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رێکخراوەکەی بە پشتگیریکەری حەماس ناوبردووە، راشیگەیاند، "پێویستە سەرجەم ئەو چالاکییانەی بۆ پشتگیری کردنی حەماس لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، رابگیرێن."
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە سەرەتای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، رێکخراوی سامیدوون شیرینی دابەشکرد و هێرشەکەی بە سەرکەوتوو ناوبرد، ئەو کارەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
پێشووتر 20-10-2023 نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی لەو پەنابەرانە کرد کە پاڵپشتی لە حەماس دەکەن و گوتی، "ئەگەر بتوانین پشتیوانیکارەکانی حەماس دیپۆرت بکەینەوە، ئەوا پێویستە ئەو کارە بکەین"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دامودەزگە ئەمنییەکانیان بەو دواییانە سەرنجیان لەسەر ئیسلامییەکان چڕترکردووەتەوە.
نیگەرانییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا پاش ئەوە هات، 18-10-2023، لە بەرلین بە مۆڵۆتۆڤ هێرش کرایە سەر پەرستگەیەکی جووەکان و لە چەند شارێکیش شەڕ لەنێوان پۆلیس و خۆپێشاندەرانی دژی هێرشەکانی ئیسرائیلدا دروستبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ