رووداو دیجیتاڵ
ئێران داوا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات، پێداچوونەوە بە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشاردا" بکات کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی بەسەر تاراندا سەپاندبووی.
محەممەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیجی، ئەمڕۆ شەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "پێویستە ترەمپ پێشانی بدات کە شوێن سیاسەتی چەوتەکانی رابردوو ناکەوێت."
زەریف کە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئێران بوو، لە بەدیهێنانی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان تاران و وڵاتانی زلهێزی جیهاندا، لەنێویاندا ئەمریکا، یارمەتیدەر بوو.
بەڵام لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە سەرکردایەتیی ترەمپ تاکلایەنانە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای ئابووریی تووندی بەسەر تاراندا سەپاند.
لە وەڵامی ئەوەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە هەڵوەشاندەوە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرزکردەوە، کە 30٪ـی دەمێنێت بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
وڵاتانی رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەڵام تاران بەردەوام تۆمەتەکەی رەتکردووەتەوە.
زەریف رۆژی شەممە گوتی، سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر ئێران بوونە هۆی زیادکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم.
زەریف گوتی، "پێویستە ترەمپ هەستی بەوە کردبێت کە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بووە هۆی ئەوەی ئاستی پیتاندن لە 3.5٪ـەوە بگاتە 60٪."
زەریف گوتیشی، "وەک پیاوی هەژمارەکان، پێویستە ترەمپ هاوکێشەکە لێکبداتەوە و سوود و زیانەکانی سیاسەتەکەی ببینێت و بزانێت ئایا دەبێت ئەم سیاسەتە زیانبەخشە بگۆڕێت یان بەردەوامی پێبدات."
هەر لە خولی یەکەمدا، ترەمپ فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەرکرد.
سولەیمانی لە کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە گوتی، هیواخوازە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ببێتە هۆی ئەوەی واشنتن "پێداچوونەوە بە هەڵوێستە هەڵەکانی رابردووی بکات."
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، نایەوێت "زیان بە ئێران بگەیێنێت."
سێشەممەی رابردوو، دوای ئەوەی کە دەنگیدا، ترەمپ گوتی، "مەرجەکانم زۆر ئاسانن. نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. حەزدەکەم وڵاتێکی زۆر سەرکەوتوو بن."
هەڵبژاردنی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئێران و ئیسرائیل دوو جار هێرشی راستەوخۆیان کردووەتە سەر یەکدی کە ئەوەش مەترسیی فراوانبوونی جەنگی غەززە و لوبنانی زیاتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ