رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و سەرۆکی هەڵبژێردراو کۆدەبنەوە.
کارین ژۆن پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمڕۆ رایگەیاند، "لەسەر بانگهێشتی سەرۆک بایدن، رۆژی چوارشەممە کاژێر 11:00ـی بەیانی (19:00 بە کاتی هەولێر) سەرۆک بایدن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە."
کۆبوونەوەی بایدن و ترەمپ دوای ئەوە دێت؛ سێشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان دیارترین دوو بەربژێر بوون. ترەمپ لە 538 ئەندامی کۆمەڵەی هەڵبژاردن، 301ـیانی بردەوە.
رۆژێک دوای هەڵبژاردن، کۆشکی سپیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دا، بایدن پابەندیی خۆی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە؛ دەبێت هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی یەکگرتوویی وڵاتەکە بپارێزرێت.
هەر بەگوێرەی کۆشکی سپی، جۆ بایدن دواتر قسەی لەگەڵ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان کرد. بایدن لە پەیوەندییەکە دا پیرۆزبایی "هەڵمەتی هەڵبژاردنی مێژوویی" لە هاریس کرد.
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک راوێژکاری کامالا هاریس رایانگەیاند، کامالا هاریس تەلەفۆنی بۆ ترەمپی رکابەری کردووە و دانی بە شکستهێنانی لە هەڵبژاردنەکاندا ناوە، لەهەمان کاتیشدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە ترەمپ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ