رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، ئێران جێبهێڵن.
رۆژی چوارشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، "دۆخی هەموو ناوچەکە [رۆژهەڵاتی نێوەڕاست] لە گرژی و ئاڵۆزیی زۆر دایە"، بەو هۆیەوە داوای لە هاووڵاتییانی کرد ئێران جێبهێڵن.
ئەو داوایەی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، دوێنێ ئێران بە زیاتر لە 180 مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. بەهۆی هێرشەکەوە دوو کەس بە "سووکی" بریندار بوون و هاووڵاتییەکی فەلەستینیش بەهۆی بەرکەوتنی پارچە مووشەکێکەوە گیانی لەدەستدا.
ئەڵمانیا، جگە لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، هاوکات باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگ کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی باڵیۆزی ئێران خۆی لە ئەڵمانیا نەبوو، لەبری ئەو جێگرەکەیان بانگکرد.
دوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، سێ بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان لە نزیک تەلئەڤیڤ کردووەتە ئامانج. راشیگەیاند، هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان"، هۆشداریشی دا، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان هەبێت، رووبەڕووی هێرشی تووندتر دەبێتەوە". لەبەرامبەردا، بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیان کرد.
ئێران دەڵێت، 90٪ـی مووشەکەکانیان ئامانجی خۆیان پێکا، ئیسرائیلیش دەڵێت، بەشێکی زۆریان خستنە خوارەوە. هەروەها، هەریەک لە ئەمریکا و ئوردن هاوکاریی ئیسرائیلیان کرد لە خستنەخوارەوە مووشەکەکانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ