فەرەنسا دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی پارتە چەپ و راستڕۆکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا

02-06-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
بەگوێرەی سەنتەری راپرسی تۆلونا هاریس، بەرەی نیشتمانی 31.5٪ـی دەنگەکانی دەهێنێت
بەگوێرەی سەنتەری راپرسی تۆلونا هاریس، بەرەی نیشتمانی 31.5٪ـی دەنگەکانی دەهێنێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆستەرەکانی بانگەشە ئامادەن و کاخەزی دەنگدان چاپکراون، لە 9ـی حوزەیراندا فەرەنسییەکان دەڕۆنە بنکەکانی دەنگدان بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕێکی چارەنووسساز لەنێوان پارتە چەپ و راستڕۆکانی وڵات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا. 
 
جۆردەن باردێلا، سەرۆکی بەرەی نیشتیمانی کە بەمدواییانە هاتووەتە شوێنی مارین لۆپێن، بووەتە بەڵایێکی گەورە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن.
 
باردێلا لە دەستکراوەیی فەرەنسا بەڕووی کۆچبەران و سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەورووپا ناڕازییە. لەگەڵ ئەوەشدا لە راپرسییەکاندا پارتەکەی لە پلەی یەکەمە.
 
جۆردەن باردێلا، سەرۆکی بەرەی نیشتیمانی دەڵێ "دەمەوێ بە گەلی فەرەنسا بڵێم 'زۆر حەزدەکەم یارمەتی خەڵک بدەم و ئەو بیرۆکانە ببەمە لووتکەی دەسەڵات کە بیرۆکەی زۆرینەی خەڵکی فەرەنسان'، بەڵام بەبێ فەرەنسییەکان ناتوانم ئەم کارە بکەم. پێموایە دەنگ نەدان لە 9ـی حوزەیران، خەڵاتکردنی ئیمانوێل ماکرۆنە."
 
بۆ پارتی "بەرەوە پێشەوە"ـی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆمار، شکستێکی گەورە دەبێت ئەگەر نەتوانێت پلەی دووەم لەو هەڵبژاردنەدا مسۆگەر بکات.
 
ماکرۆن خۆی بە نوێنەری ناوەندەکان دەزانێت، بەڵام بەو هیوایەیە بە دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بۆ ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا و کۆچبەران، دەنگی چەپەکانیش بۆخۆی راکێشێت.
 
ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێ "ئەورووپاکەی ئێمە سوپەرمارکێت نییە، ئەورووپاکەی ئێمە تەنیا بۆ ئەوە نییە خۆمانی لێ پێبگەیەنین. بەڵکو کۆمەڵێک بەهان، لە کولتوور و ئازادیی سیاسی پێکدێت. پێکهاتەی چەندین سەدەیە کە ئێمەی بەیەکەوە گرێدراوە. بۆیە دەبێت هێز و پابەندی بدۆزینەوە تاوەکو لە هەموو شوێنێک بەرگری لێبکەین و لە سەرتاسەری وڵات لە تەوژمی راست و توندئاژۆکان بیپارێزین."
 
بەگوێرەی سەنتەری راپرسی تۆلونا هاریس، بەرەی نیشتمانی 31.5٪ـی دەنگەکانی دەهێنێت، پارتەکەی سەرۆککۆمار لە 15٪ چەقیوە، پارتی سۆسیالیستەکان بە 14.5 لە ململانێی ئیمانوێل ماکرۆندایە.
 
نزیکەی 50 ملیۆن دەنگدەری فەرەنسی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی زیاتر لە 80 کورسی لەنێو 705 کورسییەکەی پەرلەمانی ئەورووپا دەدەن.
 
 
ئەمانەش بخوێنەوە:

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە