نرخی نەوت بۆ ئاستی چوار ساڵ پێش ئێستا دابەزی

09-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە شێوەیەکی شۆکهێنەر بۆ خوار 60 دۆلار دابەزی، ئەوەش نزمترین ئاستی نرخی نەوتە لە چوار ساڵی رابردوودا تۆمارکرابێت.
 
لە سەرەتای مانگی نیسان نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە دەوروبەری 75 دۆلار بوو، بەڵام لەم 9 رۆژەی نیساندا 20%ی بەهاکەی لەدەستداوە، واتە لەو 9 رۆژەدا رۆژانە نزیکەی 2.3% لە نرخەکەی دابەزیوە.
 
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش نزیکەی 5%ی بەهاکەی لەدەستداوە و بە 57 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە نزیکەی 20 دۆلار، کە ئەوەش نزمترین ئاستی نرخی نەوت بوو. ئەو ئاستەی نرخی نەوت لە دابەزین تۆماری کردووە، لە شوباتی 2021ـەوە تۆمار نەکراوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا لە کاژیر 7:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە پێناسە گومرگییەکانی سەر چین بەرز بکاتەوە بۆ 104% و دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت.
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ریژەی 50% پێناسە گومرگییەکانی سەر چینی زیادکرد، کە پێشتر 54% بوو، ئەوەش پێناسە گومرگییەکانی سەر هەر کاڵایەک کە لە چینەوە هاوردە بکرێت بۆ ئەمریکا، بەرز کردووەتەوە بۆ 104%.
 
هەفتەی رابردوو، چین لە وەڵامی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا بڕیاری دا بە ریژەی 34% پێناسی گومرگی بسەپێنێت بەسەر کاڵای ئەمریکا. کۆشکی سپی هەڕەشەی لە چین کردبوو، ئەگەر بڕیارەکەی جێبەجێ بکات، پێناسە گومرگییەکانی سەر ئەو وڵاتە زیاد دەکات، بەڵام چین جێبەجێی کرد و هەر ئەمڕۆش رێژەی پێناسی گومرگیی بۆسەر هەموو کاڵایەکی ئەمریکی بۆ 84% بەرزکردەوە، واتە 50%ی بۆ رێژەکەی پێشوو زیادکرد.
 
ئەو جەنگە بازرگانییەی ترەمپ دەستیپێکردووە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی نەوت داناوە و لە دەستپێکی سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان بەسەر وڵاتانی جیهان لەلایەن ئەمریکاوە، نرخی نەوت بەردەوام لە داکشاندا بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە