پێناسى گومرگیی نوێى ئەمریکا داهاتى عێراق کەمدەکاتەوە

09-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
کاریگەریی پێناسی گومرگیی ئەمریکا لەسەر عێراق
کاریگەریی پێناسی گومرگیی ئەمریکا لەسەر عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارێک لە واشنتنەوە، مشتومڕ و لێکەوتەکانى لە بەغدا گەرم کردووە کە سەپاندنى 39%ـی پێناسى گومرگییە بەسەر هەناردەى عێراق بۆ ئەمریکا، ئەگەرچى عێراق تەنیا نەوت بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەکات کە ئەو پێناسە نایگرێتەوە، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ لەڕێگەى دابەینى نرخى نەوت، کارگەریی لەسەر داهاتەکەى دەبێت کە سەرچاوەى نزیکەى 90% پارەى بودجەکەیەتى.
 
ئەو بڕیارەى ئەمریکا لە 2ـی نیسانى 2025 لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکاوە راگەیێنرا، پێناسى گومرگیی نوێى بەسەر کاڵاى وڵاتاندا سەپاند، کە هەناردەى ئەمریکا دەکرێت و رێژەى گومرگى زۆربەیانى بەرزکردەوە.
 
عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، "خواستمان وایە بڕیارەکە کاریگەرى نەبێت، ئەوەى کە دەمێنێتەوە وپەیوەندیدارە بە نەوتەوە، ئەگەر سزا هەبێت لەسەر هەناردەى نەوتى عێراق، ئێمە بازرگانیمان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا نییە و زیاتر لەگەڵ وڵاتانى ئاسیایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ویستمان ئەوەیە عێراق لەو لایەنەشەوە پارێزراو بێت".
 
پێشتر، ئەمریکا 5%ـی پێناسى گومرگى لەسەر زۆرینەى کاڵا هەناردەکراوەکانى عێراق بۆ وڵاتەکەى دانابوو، لە بڕیارە نوێیەکەدا رێژەکە بۆ 7 هێندە زیادکراوە.
 
عەلى تاریق، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمەڵەى بانکە تایبەتەکانى عێراق دەڵێت، "ئەو پرسە؛ راستەوخۆ کاریگەرییەکانى لەسەر عێراق زۆر سنووردارە، لەبەرئەوەى زۆربەی هەناردەى عێراق بۆ ئەمریکا نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانە، کە ئەویش لە رسووماتى گومرگ بەدەرکراوە، بەڵام ئەوەى پەیوەندیدارە بە کاریگەریی ناڕاستەوخۆى ئەو بڕیارە، پەیوەستە بە نزمبوونەوەى نرخى نەوت و ئەوەش بەشێوەیەکى گشتى کاریگەرى لەسەر بودجەى عێراق دەبێت."  
 
لەدواى بڕیارەکەى ئەمریکا، نرخى نەوت لە 75 دۆلارەوە بۆ 60 دۆلار دابەزی، ئەو دابەزینە سەرچاوەى مەترسییە بۆ عێراق لەڕووی کاریگەرى ناڕاستەوخۆى پێناسى گومرگیی ئەمریکا لەسەرى.
 
وەدیع نووری، سەرۆکى کۆمەڵەى بانکە تایبەتەکانى عێراق، گوتى "زۆرترین ئەو بەرهەمەى عێراق هەناردەى دەکات نەوتە، 90%ـی پارەى بودجەکەیەتى، دانانى رسووماتى نوێى گومرگ بەدڵنیاییەوە کاریگەریی دەبێت، ئومێدمان وایە چاو بەو بڕیارانە بخشێنرێتەوە بەتایبەتی بۆ عێراق لەبەرئەوەى هەر وڵاتێک دۆخێکى تایبەتى خۆى هەیە و ئێمە بەرهەمى دیکە و وەبەرهێنانمان لە دەرەوە نییە، کە پاڵپشتیی ئابوورییەکەى بکات." 
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ 11 مانگى پار، تێکڕاى داهاتەکەى 135.3 تریلیۆن دینار بووە، لەو بڕە داهاتى نەوت 119 تریلیۆن دینار بووە، کە سەرچاوەى 88%ـی تێکڕاى داهاتەکەى بووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە