رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ ماوەی 90 رۆژ ئەو پێناسە گومرگییانەی کە ئەمریکا خستوویەتییە سەر وڵاتان، رادەگرێت و رێژەکەی بۆ 10٪ کەم دەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات بڕیارەکە چین ناگرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال نووسی، "فەرمانم کردووە بۆ ماوەی 90 رۆژ پێناسە گومرگییەکان رابگرن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا 10٪ ئەو پێناسە گومرگییانەی سەر وڵاتان دەهێڵێتەوە کە رۆژی 5ـی ئەم مانگە خستییە سەریان.
ترەمپ گوتیشی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 75 وڵات هیج وەڵامێکی تووندیان بۆ پێناسە گو،رگییەکانی ئەمریکا نەبووە و داوایان کردووە لەسەر پرسی پێناسە گومرگییەکان دانوستاندن لەگەڵ واشنتن بکەن، بۆیە پێناسی گومرگی سەریان بۆ ماوەی 90 رۆژ رادەگیرێت.
ترەمپ رەتیکردەوە کە پێناسە گومرگییەکانی سەر چین رابگرێت و گوتی، "لەسەر بنەمای ئەوەی چین رێزی لە بازاڕەکانی جیهان نەگرتووە، پێناسە گومرگییەکانی سەری بۆ 125٪ بەرز دەکەمەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، پێناسە گومرگییەکانی سەر چین دەستبەجێ کارا دەبن و جێبەجێ دەکرێن.
ئەو هەنگاوەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ چین رێژەی پێناسە گومرگییەکانی سەر ئەمریکای بۆ 84٪ بەرزکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکە لە 10ـی نیسانەوە جێبەجێ دەکرێت.
چین پێشتر 34٪ پێناسی گومرگی بەسەر ئەمریکادا سەپاندبوو، ئەمڕۆش 50٪ـی دیکەی زیاد کرد، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک کە لەو جەنگە بازرگانییە ناکشێتەوە.
رۆژی دووشەممە ترەمپ رایگەیاند: "هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە پێناسی گومرگی لەگەڵ چین رادەگیرێت. جگە لە چین، لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان گفتوگۆ دەکەین."
پێش ئەم پۆستە، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسیبووی: "هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن. پێناسە گومرگییەکان قورسن، بەڵام دادپەروەرانەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ