سوپای نەیجەر فەرمانی دەرکردنی نێردەی فەرەنسا لە وڵاتەکەی دەکات

01-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن نەیجەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی سەربازی نەیجەر پارێزبەندی لەسەر نێردە دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا لە وڵاتەکەی هەڵگرت و داوای لە پۆلیس کرد دەریان بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی ئابی 2023 ئەنجوومەنی سەربازی نەیجەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "نێردەی فەرەنسا چیدیکە ئەو پارێزبەندییەی نییە کە وەکو نێردەی دیبلۆماسی مامەڵە بکات و پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە کە فەرمانی دەرکردنەکەی جێبەجێ بکات".
 
گرژییەکانی نێوان ئەنجوومەنی سەربازی نەیجەر و فەرەنسا دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 26-7-2023 سوپای نەیجەر کودەتای بەسەر سەرۆکی نەیجەردا کرد و لە دەسەڵاتی دوورخستەوە. 
 
پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە زیاتر بەرەو خراپی چوو کە فەرەنسا پشتگیری لە محەممەد بەزووم، سەرۆکی لەکارلادراو کرد و رەتیکردەوە کە دان بە دەسەڵاتی نوێی نەیجەردا بنێت. 
 
رۆژی هەینی رابردوو 25-8-2023، وەزارەتی دەرەوەی نەیجەر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هەڵسوکەوتەکانی نێردەی فەرەنسا دژی بەرژەوەندییەکانی نەیجەرە و ماوەی 48 کاژێری بە نێردە فەرەنسییەکەدا، کە وڵاتەکە بەجێبهێڵیت.
 
لە بەرامبەردا دوێنێ پێنجشەممە پێر گاودیلێر، گوتەبێژی سوپای فەرەنسا هۆشداریدا لەوەی "سوپای فەرەنسا ئامادەی وەڵامدانەی هەر گرژییەکن کە زیان بە دیپلۆماتە فەرەنسییەکان لە نەیجەر بگەیێنێت".
 
بەهۆی شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەرۆکە لایەنگرەکەی فەرەنسا و رۆژئاوا بۆ سەر کورسیی دەسەڵاتی نەیجەر، تادێت ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەنێوان سوپای نەیجەر و وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقای هاوپەیمانی پاریس زیاتر دەبێت.
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، نەیامی، بۆماکۆ و واگادۆگۆ رایانگەیاند، ئەگەر هێرشەکە روویدا، نەیامی رێگە بە سوپاکانی بۆرکینا فاسۆ و مالی دەدات هێزەکانی بنێرێتە نەیجەر، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێداگریی سوپای نەیجەر لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گوشارە هەرێمییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە