رووداو دیجیتاڵ
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، هۆکاری سەرەکی کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەکە لە جامی کەنداودا ئاشکرا دەکات، دوای ئەوەی بەرامبەر سعودیە دۆڕان و لە قۆناخی یەکەمدا ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
کاساس قسەی بۆ رۆژنامەی "الرياضية السعودية" کردووە و دەڵێت "بەشێکی یاریزانە گرنگەکانمان بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا نەکرد، بەشیکیان نەخۆشکەوتن و کاریگەریی لەسەر توانای جەستەیی و ئاستی تۆپی پێی هەڵبژاردەکە هەبوو."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "سوودمان لە ماوەی پاڵەوانێتییەکە وەرگرت بۆ ئەوەی لەو دوو هەفتەیەدا چەند یاریزانێک بناسین، ئێستا کاتی ئەوەیە بیرکردنەوەمان لای ئامانجە سەرەکی و راستەقینەکەبێت، کە گەیشتنە بە مۆندیالی 2026."
خیسوس کاساس دەڵێت "ئێستا لە لەندەنم و لە چەند رۆژی داهاتوودا چاوم بە چەند یاریزانێکی عێراقی دەکەوێت و تەنیا بردنەوەی چەند یارییەکمان ماوە بۆ ئەوەی بگەینە مۆندیال."
کاساس ستایشی پاڵپشتیی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دەکات و دەڵێت "زۆرینەی خەڵک لە شکستەکانیشدا پاڵپشتی هەڵبژاردەکەیان دەکەن، چونکە درک بەوە دەکەن لە جیهانی تۆپی پێدا دۆڕان و بردنەوە هەیە."
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 26 کە یارییەکانی لە کوێت بەڕێوەدەچن، لە سێ یارییدا دوو یاریی دۆڕاند و تەنیا یەک یاریی بردەوە، بەمەش لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا کرایە دەرەوە.
لەلایەکی دیکەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، متمانەی بە راهێنەرە ئیسپانییەکە بەخشییەوە و پاڵپشتیی خۆی دووپاتدەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە کارکردن بۆ گەیاندنی هەڵبژاردەکە بە مۆندیال بەردەوامبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ