رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک، لە یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو بۆ یانەکان، ئەنجامێکی باشی بەدەستهێنا و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ قادسیەی کوێتی بەبێ گۆڵ یەکسانبوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو بۆ یانەکان، یانەی دهۆک بووە میوانی قادسیەی کوێتی و یارییەکەش بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
بەو ئەنجامە دهۆک هەنگاوێکی باشی بەئاراستەی بەدەستهێنانی نازناوی جامەکە بڕی. هەفتەی داهاتوو لە یاریگەی خۆیدا و لە یاریی گەڕانەوەدا، میوانداریی قادسیە دەکات.
یانەی دهۆک پێشتر نازناوی جامی کەنداوی بۆ یانەکان بەدەستنەهێناوە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەو نازناوە بگات.
پەشەنگ عەبدوڵا، هێرشبەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "ئەنجامێکی باشبوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان، پشتبە خوا لە یاریگەی خۆمان ئەنجامێکی باشترمان دەبێت".
دهۆک ئەگەرچی یارییەکی هێرشبەرییانەی سەرنجڕاکێشی نەکرد، بەڵام توانی لە گێمی دووەمی یارییەکەدا بەتایبەت، مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هێرش و گوشارەکانی یانەی قادسیەدا بکات.
مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک پاش یارییەکە بە رووداوی راگەیاند، تیپەکەی زوو تێکەڵی کەشی یارییەکە نەبوو، بەڵام ئەگەر لە یاریی گەڕانەوەدا زوو تێکەڵ بەکەشی یارییەکە ببێت، بەدڵنیاییەوە جامەکە بەدەست دەهێنن.
یانەی دهۆک رۆژی 15/4/2025 و لە یاریگەی دهۆک لە یاریی گەڕانەوەدا، جارێکی دیکە، رووبەڕووی یانەی قادسییەی کوێتی دەبێتەوە و ئەنجامی یارییەکە، پاڵەوانی جامی کەنداو دیاریدەکات.
بۆ یارییەکەی دهۆک لە کوێت، نزیکەی دوو هەزار هاندەری ئەو یانەیە لە کوردستانەوە روویان لە کوێت کردبوو بۆ پشتگیری تیپەکەیان و ئەوان پاش یارییەکە، دڵخۆشیی خۆیان بەئەنجامەکە دەربڕی.
دوای یەکسانبوونەکە، هاندەرانی دهۆک لە شارەکەی خۆیان بەدڵخۆشییەوە پێشوازییان لە ئەنجامی یارییەکە کرد و گەشبین بوون بەوەی لە یاریی داهاتوودا، یانەکەیان سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ