پاریس سانجێرمان و ئاستۆن ڤیلا بۆ یەکەمجار رووبەڕووی یەکدەبنەوە

09-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان ئاستۆن ڤیلا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکی دیکەی ئەمشەوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە فەرەنسا دەبێت و یانەی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی خولی ناوخۆ بەرامبەر یانەی ئاستۆن ڤیلا یاری دەکات.
 
دوو راهێنەری یانەی ئیسپانی لە یارییەکی لووتکەدا لەسەر ئاستی ئەورووپا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لویس ئێنریکێ لە پاریس سانجێرمان و ئونای ئێمری لە ئاستۆن ڤیلا.
 
پاریس سانجێرمان لە گەڕی رابردوودا، شەش گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی خولی ناوخۆ بووە پاڵەوانی فەرەنسا و دەیەوێت لەسەر ئاستی ئەورووپاش هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە و لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا نیوەی رێگەی بەرەو قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ ببڕێت.
 
هەردوو یانە یەکەمجارە لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و پێشتر هیچ ئەزموونێکیان بەرامبەر یەک نییە و ئەم یارییە بۆ هەردوولا دەبێتە دەستپێکی مێژووییەکی نوێ لە یارییەکانیاندا لەسەر ئاستی ئەورووپا.
 
ئاستۆن ڤیلا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەرکەوت و تیپێکی بەهێزی هەیە، یارییەکە بۆ مارکۆ ئاسێنسیۆ تایبەت دەبێت و بە درێسی یانە ئینگلیزییەکەوە رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
 
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "پێموایە ئێمە تیپە دڵخوازەکەین، وەک یارییەکەی لیڤەرپوول، بەڵام لە قۆناخی هەشت یانەی دڵخواز باوی نامێنیت. هەموو یانەکان یانەی بەهێزن، بۆیە ئیمە هەموو کارێک ئەنجامدەدەین بۆ بردنەوەی یارییەکە."
 
ئونای ئێمری، راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤیلا، پێشتر راهێنەری پاریس سانجێرمان بووە و دەڵێت "زۆر دڵخۆشم دەگەڕێمەوە باخچەی شازادەکان و شانازی بەوەوە دەکەم کە راهێنەری پاریس سانجێرمان بووم، دەمەوێت لەگەڵ ئاستۆن ڤیلا چێژ لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ وەربگرم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە