وه‌رزش له‌ ستراتیژیه‌تی حكومه‌تدا!

30-12-2019
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن چاکسازیی وەرزش ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
A+ A-

ره‌نگه‌ له‌ قۆناخی ئێستای به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا، حكومه‌تی كوردستان باری قورس بێت و هه‌روه‌كو سه‌رۆكی نوێی حكومه‌ت له‌ كاتی سوێندخواردنیدا ئاماژه‌ی بۆ کرد، ئه‌ركه‌کان قورسن و قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌ت زۆرن، ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ پێداویستییه‌كانی ژیانی خه‌ڵك و هاونیشتیمانیانیش زۆرن و ناتوانرێت هه‌مووی دابینبكرێت و وه‌رزش له‌ دواوه‌ی گرنگیپێدانه‌كان دەبێت، به‌ڵام له‌ راستیدا وه‌رزش هیچی له‌ بواره‌كانی دیكه‌ كه‌متر نییه‌ و پێویستی به‌ بایه‌خدان و پلاندانان هه‌یه‌، چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی چینێكی هه‌ره‌فراوانی نێو كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ گه‌نجانن و ئەوانیش سه‌روه‌تی ئه‌و نیشتیمانه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ بۆ چینه‌كانی دیكه‌ش، وه‌رزش وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست، زۆر پێویسته‌.

نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت، حكومه‌تی كوردستان له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه‌، درێغی به‌رامبه‌ر وه‌رزش و پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وه‌رزش نه‌كردووه‌ و هه‌موو كات هاوكاربووه‌ و پاره‌ی بۆ دابینكردووه‌، له‌ سه‌رده‌مێكدا به‌ ملیۆنان دۆلار بۆ وه‌رزش خه‌رجده‌كرا، به‌ ده‌یان پرۆژه‌ی وه‌رزشی و یاریگه‌ بونیادنرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ستراتیژیه‌تێك بۆ وه‌رزش نه‌بوو، دووربینی و پلانێكی باش بۆ به‌ڕێوه‌بردن و چاودێری و چنینه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان نه‌بوو، بۆیه‌ زۆربه‌ی كات خۆمان به‌ ده‌ستبه‌تاڵ ده‌بینین.

له‌ راستیدا بە هۆی ئه‌و بێ پلانییه‌وە، ستراتیژیش دیارنەبوو، بۆیە ده‌كرێت بڵێین له‌و هه‌رێمه‌دا ئه‌وه‌ی وه‌رزش هه‌یبووه‌، ته‌نیا پاره‌ی حكوومه‌ت بووه‌، كه‌ پێموایه‌ ئه‌ویش ته‌خشان و په‌خشان كراوه‌، چونکە وەک دەبینین "نە وەرزش بە ئاستێکی بەرز گەیشتووە، نە ژێرخانیشمان لە ئاستێکی پێویستدایە".

وه‌رزش له‌ دونیای پێشكه‌وتوودا كه‌مالیات نییه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌ رۆژه‌ڤ و پلانی حكومه‌ته‌كانه‌ بۆ چه‌ندین ئامانجی گه‌وره‌ی وه‌كو "سیاسی، ئابووری، بازرگانی، پێگه‌یاندن، وه‌به‌رهێنان، ته‌ندروستی و چه‌ندین بواری دیكه‌". به‌ڵام له‌ كوردستاندا هه‌میشه‌ وه‌كو كه‌مالیات سه‌یركراوه‌.

هه‌میشه‌ ده‌گوترێت "وه‌رزشی كوردستان لاوازه‌"، ئه‌وه‌یان راسته‌، به‌ڵام بۆ؟

كاتێك تۆ له‌ ماوه‌ی حكومڕانیی خۆتدا هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌كت بۆ ئه‌و بواره‌ گرنگه‌ نه‌بێت، ئیتر چۆن پێشده‌كه‌وێت؟

هه‌موو شتێك پاره‌ خه‌رجكردن نییه‌، وه‌رزش به‌ به‌رنامه‌ و زانست، به‌ دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی به‌هێز، هێنانه‌پێشی كه‌سانی شاره‌زا و ماندوونەناس، دوورخستنه‌وه‌ی له‌ ئایدیا و حیزبایه‌تی و ده‌ستوه‌ردان، بونیادنانی ژێرخانی پێشكه‌وتوو، پێشدەکەوێت.

له‌ هه‌موو دونیا نزیکەی دوو جۆر وه‌رزشكردن هه‌یه‌، وه‌رزشی پیشه‌گه‌رانه‌ و وه‌رزشی ئاره‌زوومه‌ندانه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ باشووری كوردستان نازانین بۆچی وه‌رزش ده‌كه‌ین، وه‌رزش بۆ كێیه‌، له‌ پێناو چییه‌، له‌ كامه‌ جۆرین، پرۆفێشناڵ یان ئاره‌زوومه‌ند؟

ئه‌مه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندی به‌ نه‌بوونی خوێندنه‌وه‌، پلان و ستراتیژ بۆ وه‌رزش هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ پاره‌ خه‌رجكراوه‌ و یانه‌ و دامه‌زراوه‌ زۆرن، به‌ڵام هیچ ئاسۆیه‌كی روونمان نییه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌ شتی دیكه‌وه‌ باری قورسه‌، به‌ڵام پێویست ده‌كات له‌و قۆناخه‌دا بیر له‌ راسته‌ڕێكردنی وه‌رزش له‌ كوردستان بكاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ دووباره‌ بیناكردنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كانی حكومه‌ت و ئۆڵمپی له‌ رووی یاسایی و به‌ڕێوه‌بردن و ئامانجه‌وه‌، هه‌روه‌ها داڕشتنی سیاسه‌ت، پلان و ستراتیژیه‌تێك، به‌ هه‌ردوو جۆری "درێژخایه‌ن و كورتخایه‌ن، بۆ وه‌رزش له‌ كوردستاندا.

ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ئه‌وه‌ی چیدیكه‌ له‌ بازنه‌ی به‌تاڵ و داخراودا نه‌خولێینه‌وه‌ و ئاسۆیه‌كی رووناك هه‌بێت بۆ وه‌رزشی كوردستان، كه‌ له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە