میران خه‌سرۆ له‌ رێگه‌ی رووداوه‌وه‌ ناوی یانه‌ نوێیه‌كه‌ی ئاشكراكرد

30-07-2019
محەممەد کارێزی
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن میران خه‌سرۆ
A+ A-
رووداو ـ هه‌ولێر

میران خه‌سرۆ، یاریزانی پیشه‌گه‌ری كورد، به‌ تایبه‌ت ناوی ئه‌و یانه‌یه‌ی خولی نایابی عومانی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاشكراكرد كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانییه‌وه‌ ده‌كات.

میران خه‌سرۆ، کۆپییەک له‌و نامه‌یه‌ی بۆ (رووداو) ناردووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن یانه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ريی شانشینی عومانه‌وه‌ بۆ كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێر نێردراوه‌، به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی یانه‌كه‌ی پایته‌ختی كوردستان له‌سه‌ر رۆیشتنی میران بۆ ریزه‌كانی.


میران گوتی "یانه‌ی سوحاری عومانی به‌ فه‌رمی داوای له‌ یانه‌ی هه‌ولێر كردووه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر رۆیشتنی من بۆ ریزه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ نیشان بدات".

له‌ نامه‌كه‌ی یانه‌ی سوحاردا هاتووه‌ "داوا ده‌كه‌ین یاریزانی ناوبراو له‌ لایه‌ن ئێوه‌وه‌ رێگه‌ی پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر بێته‌ ریزه‌كانی تیپی یه‌كه‌می یانه‌كه‌مان بۆ وه‌رزی 2019 ـ 2020، رێز له‌ هاوكاری به‌رده‌وامتان ده‌گرین".

میران خه‌سرۆ، پێشتر له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ (رووداو) گوتی "من دووجار له‌به‌ر رێزم بۆ یانه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ ریزه‌كانی یانه‌ی پایته‌خت، جارێك له‌ قه‌ته‌ر و جارێكیش له‌ شورته‌ی عێراقییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ جاری سێیه‌مه‌، من كێشه‌م له‌گه‌ڵ كارگێڕی یانه‌كه‌ نییه‌، دیاره‌ ده‌سته‌ی راهێنه‌ران منیان ناوێ، ئه‌وان ده‌رگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر داخستم، به‌ڵام ده‌رگه‌یه‌كی گه‌وره‌ترم له‌سه‌ر كرایه‌وه‌".


نامه‌ی یانه‌ی سوحاری عومانی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر

میران هه‌روه‌ها به‌ (رووداو) گوت "رووداو یه‌كه‌م ده‌زگای راگه‌یاندنه‌ كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و گرێبه‌سته‌م ئاشكرا ده‌كه‌م، رۆژی چوارشه‌ممه‌ گه‌شتی شانشینی عومان ده‌كه‌م".

میران هه‌روه‌ها گوتی "جارێ هه‌ندێ ورده‌كاری گرێبه‌سته‌كه‌، وه‌ك نرخی گرێبه‌سته‌كه‌م و مووچه‌كه‌م ئاشكرا ناكه‌م، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كاتی ئه‌وه‌ هات هه‌ر له‌ رێگه‌ی رووداوه‌وه‌ ئاشكرای ده‌كه‌م".

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسان تاهیر
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە