ئایا ڤینیسیۆس شایەنی باڵۆن دۆر بوو؟ گواردیۆلا وەڵامێکی سەیر دەداتەوە

29-10-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، رایگەیاند کە لەوانەیە ڤینیسیۆس جۆنیۆر شایەنی بردنەوەی باڵۆن دۆر بووبێت و گوتی "ئەگەر ڤینیسیۆس باڵۆن دۆرەکەی بردبایەوە لە شایستە شایستەتر دەبوو، وەک ئێرلینگ هالاند لە 2023". هەروەها گوتیشی "کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرسوڕهێنەرە، بەڵام مێسی باوکی هەموو ئەوانەیە کە سەرسوڕهێنەرن".
 
سبەی یانەی مانچێستەر سیتی لە کاراباوکەپ دەبێتە میوانی تۆتێنهام و لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، پێپ گواردیۆلا قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە سەرەتا باسی ئەوەی کرد کە بۆچی ڤینیسیۆس باڵۆن دۆرەکەی نەبردووەتەوە و گوتی "بڕیاربوو ڤینیسیۆس خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، بەڵام ئەوەی روویدا پەیوەندی بە رۆژنامەنووسانەوە هەیە، ئێمە باسی کۆمەڵێک رۆژنامەنووسی بژاردە دەکەین کە بڕیار دەدەن چی بکەن، نەک تەنیا دەنگدانی وڵاتێکە. ئێمە باسی هەموو جیهان دەکەین، بۆچوونی جیاواز".
 
ئینجا سەبارەت بە بایکۆتکردنی ئاهەنگی باڵۆن دۆر لەلایەن ریال مەدریدەوە پرسیاریان لێکرد؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "هیچ شتێک نییە بۆ گوتن، ئەوانەی دەیانەوێت بڕۆن باش دەکەن، یان ئەوانەی نایانەوێت بڕۆن باش دەکەن. بەدڵنیاییەوە ئێمە وەک مانچێستەر سیتی لێرەنین بۆ ئەوەی بڕیاربدەین کە یانەکانی دیکە دەبێت چی بڕیار بدەن و چی بکەن".
 
گواردیۆلا لە بەشێکی قسەکانیدا، بەگاڵتەجاڕییەوە، گوتی "ئەگەر من نەبوومایە رۆدری باڵۆن دۆری بەدەستنەدەهێنا، دەی وەرن دان بەوەدا بنێن، ئەوە راستییە".
 
پێپ گواردیۆلا، زیاتر لەبارەی رۆدرییەوە قسەی کرد و گوتی "چی بڵێم لەسەر رۆدری؟پیرۆزە لە خانەوادەکەی و هاوڕێکانی، ئێمە زۆر شانازی پێوە دەکەین. ساڵانێک لەمەوبەر نەماندەتوانی ئەوە بێنینە بەرچاومان کە یاریزانێک لێرە ئەم خەڵاتە بەنێوبانگە دەباتەوە".
 
راهێنەری مان سیتی، پیرۆزبایی لە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدریدیش کرد، کە خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵی 2024ـی بەدەستهێنا و گوتی "پیرۆزبایی لە ئەنچێلۆتی دەکەین کە خەڵاتی باشترین راهێنەری جیهانی بەدەستهێنا". 
 
ئەو بەگاڵتەوە گوتیشی "لە رابردوودا زۆر کەشخە بووم، بەڵام لە کۆتاییدا کەشخەیی ناتکاتە راهێنەرێکی سەرکەوتوو. دەبێت ئەنجامی باش بەدەستبهێنی، ئەگەرنا لە کارەکەت دوور دەخرێیەوە".
 
لێیانپرسی ئایا ئێرلینگ هالاند شایەنی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2023 بوو؟ پێپ گوتی "بەڵێ"، ئینجا پێیانگوت ئایا مێسیش شایەنی ئەوەبوو؟ پێپ ئەمجارەش گوتی "بەڵێ".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی پاڵەوانی پرێمەرلیگ، دواجار باسی مێسی و رۆناڵدۆی کرد و گوتی
"کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرسوڕهێنەرە، بەڵام مێسی باوکی هەموو ئەوانەیە کە سەرسوڕهێنەرن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە