ڤیدیۆ؛ لێدوانی راهێنەران.. سیمیۆنی و ئەنچیلۆتی دێربیی مەدرید بەیارییەکی زەحمەت دەزانن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
سیمیۆنی و ئەنچێلۆتی
سیمیۆنی و ئەنچێلۆتی
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی کارلۆ ئەنچیلۆتی دێربیی مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 22 بە کاتی باشووری کوردستان، یاریی دێربیی مەدرید لە گەڕی هەشتەمی لالیگادا، لەسەر یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ لەنێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید بەڕێوەدەچێت.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەیان بۆ میدیاکاران کرد، کە لە خوارەوە پوختەی قسەکانیان دانراوە: 
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید:
 
هەمیشە دەمارگیرم، هەمیشە لەدڵەڕاوکێدام، دەمارگیرم، هەست بە ترس، خۆشی، ورووژاندن، پێشبینیی دەکەم. ئەوانە هەموو ئەو هەستانەن کە پێش هەموو یارییەک هەستیان پێدەکەم. لەو کاتەوەی گەیشتمە ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە یەکەم یاریمەوە لێرە بەرامبەر مەلەگا هیچ شتێک بە بچووکترین شێوەش نەگۆڕاوە، لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ.
 
تۆنی کرووس؟ لە راستیدا کابەرەکەمان یاریزانێکی گرنگی لەدەستداوە، یان باشتر بڵێین یاریزانەکە چیدی یاری ناکات، یاریزانێکی نائاسایی بوو، هەموو راهێنەرێک پێی سەرسام بوو، هەمیشە پێویست بوو بۆ ئەوەی هاوسەنگی بۆ تیپەکە بهێنێت. ئێستا پێموایە ئەوان  بەدوای یاریزانێکی دیکەدا دەگەڕێن کە ئارامی بهێنێت، بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە توانای هێرشبەریی خۆیان وەربگرن، بەڵام پێموانییە ئەم یارییە جیاواز بێت لەوانەی  رابردوودا.
 
لەو کاتەوەی گەیشتمە ئەم تیپە هەموو شتێک زۆر گۆڕاوە، باشتر بووە، یانەکە زۆر گەشەی کردووە و تیپەکە بەڕاستی لە پێگەیەکی باشدایە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە رۆژی خۆیدا بێت، پێویستە ئاگاداری ئەو گەشەکردنە بین کە ئێمە بەخۆمانەوە بینیوە لە دوای گەیشتنم بە ئێرە. ئەوەی ئەمڕۆش کە لێرەین تەنیا نموونەیەکە.
 
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
وەک هەمیشە یارییەکی سەخت بەرامبەر رکابەرێکی گەورە. ئەوان هەمیشە وابوون و پێموانییە ئەم یارییەش جیاواز بێت. دێربی هەمیشە جەنگێکە، یارییەکی زۆر خۆشە. چەند دێربیی ئەم دواییە بەڕاستی خۆشبوون، گۆڵی زۆریان تێدابوو، چونکە یاریزانی کوالیتی بەرز لە هەردوو تیپەکەدا هەیە، کەواتە بەدڵنیاییەوە یارییەکی نایاب دەبێت.
 
بۆچوونی من لەسەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەوەیە کە لەم وەرزەدا زۆر باش بوونە. گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانی زۆر باش کردووە، پێکهاتەیەکی باشتریان دروستکردووە، پێموایە تاوەکو کۆتایی زۆر بەجددی بۆ نازناوەکە دەجەنگن دژی ئێمە و دژی  بارسێلۆناش.
 
کاماڤینگا ئامادەیە، مەشقی باشی کردووە، بەباشی چاکبووەتەوە، لە دۆخێکی باشدایە و بۆ یارییەکە ئامادەیە
 
پێموایە ڤینیسیۆس شایەنی ئەوەیە باڵۆن دۆر بباتەوە بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو کردوویەتی، بەتایبەتی لە چامپیۆنزلیگدا، کە یارمەتی داین نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنین، لە قۆناخی پێشکۆتایی و یاریی کۆتاییدا گۆڵی تۆمارکرد، پێموایە دەباتەوە.  ئەگەر نەشباتەوە هیچ نییە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە