رۆناڵدۆ تیروپشکی چامپیۆنزلیگی راکێشا و یاریی ئاگرینی تێدایە

29-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تیروپشکی چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تیروپشکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا راکێشرا، لە قۆناخی یەکەمی رکابەرییەکەدا چەند یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش ئەنجامدەدرێن، ریال مەدرید جارێکی دیکە بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند یاری دەکات و بایرن میونشن و بارسێلۆناش رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری مۆناکۆی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گۆڵکاری مێژووی چامپیۆنزلیگ و جیانلویجی بوفۆن، ئەستێرە و گۆڵپارێزی بەنێوبانگی ئیتاڵی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ راکێشرا.
 
بەر لە راکێشانی تیروپشکەکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، خەڵاتێکی تایبەتی وەکو گۆڵکاری هەمیشەیی چامپیۆنزلیگ پێدرا و جیانلویجی بوفۆنیش خەڵاتی سەرۆکی یۆفای بۆ کەسایەتی ساڵ بردەوە.
 
دوای ئەوە تیروپشکەکە دەستیپێکرد، بوفۆن ناوی یانەیەکی هێنایە دەرەوە و رۆناڵدۆش لە رێگەی بوتۆنێکەوە ئەو 8 یانەیەی دیاری دەکرد کە رووبەڕووی ئەو یانەیە دەبنەوە.
 
لە تیروپشکەکەدا، یانەی ریال مەدرید پاڵەوانی وەرزی رابردوو و خاوەنی 15 نازناو، بەرامبەر یانەکانی بۆرووسیا دۆرتموند، لیڤەرپوول، ئەیسی میلان، ئاتالانتا، سالزبۆرگ، لیل، شتوتگارت و برێست یاری دەکات.
 
یانەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر یانەکانی، ئینتەرمیلان، پاریس سانجێرمان، کلەب برووج، یوڤێنتوس، فاینۆرد، سپۆرتینگ لیشبۆنە، سپارتا پراگ و سلاڤان براتیسلاڤا یاری دەکات.
 
یانەی بارسێلۆنا لە قۆناخی یەکەمدا بەرامبەر ئەم یانانە یاری دەکات، بایرن میونشن، بۆرووسیا دۆرتموند، ئاتالانتا، بێنفیکا، یەنگ بۆیز، سێرڤێنا زڤێزدا، برێست و مۆناکۆ.
 
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە قۆناخی یەکەمدا رووبەڕووی ئەم یانانە دەبێتەوە، پاریس سانجێرمان، بارسێلۆنا، بێنفیکا، شاختار، دینامۆ زەگریب، فاینۆرد، سلاڤان براتیسلاڤا و ئاستۆن ڤێلا.
 
یانەی لیڤەرپوول، بەرامبەر یانەکانی ریال مەدرید، لایپزیگ، لیڤەرکوزن، میلان، لیل، ئایندهۆڤن، بۆلۆنیا و جیرۆنا یاری دەکات.
 
ئەنجامی تیروپشکەکە بۆ یانەکانی ئاستی یەکەم بەمشێوەیە بوو

 
لە شێوازی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، لە شوێنی 32 یانە ئەمجارە 36 یانە بەشداری دەکەن، یارییەکانی بەشێوەیەکی زۆر جیاوازتر لە پاڵەوانێتییەکانی پێشوو بەڕێوەدەچن.
 
ئەو یانانەی لە پلەی 9 تاوەکو 25ـی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ دێن، رکابەری یەکدی دەکەن و هەشت یانەی دیکە دەگەنە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکە و یانەکانی دیکەش کە لە دوای پلەی 25ـی ریزبەند راستەوخۆ ماڵئاوایی دەکەن و ناچنە هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکە، کە پێشتر سێیەمی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەچوونە یۆرۆپالیگ.
 
یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا رۆژی 17-9-2024 دەستپێدەکەن و لە رۆژی 29-1-2025 قۆناخی یەکەمی رکابەرییەکە کۆتاییدێت.
 
لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی نوێدا چوون و هاتن، لە قۆناخی هەشتەوە بە سیستمە یارییەکان دەکرێن، رۆژی 8 و 9ـی نیسانی 2025 یارییەکانی چوون بەڕێوەدەچن و رۆژی 11 و 12ـی هەمان مانگ یارییەکانی گەڕانەوە دەکرێن.
 
لە رۆژی 29 و 30ـی نیسان یارییەکانی چوون لە قۆناخی پێشکۆتایی بەڕێوەدەچن و رۆژی 6 و 7ـی مانگی ئایار یارییەکانی گەڕانەوە دەکرێن و دوو یانەی یاریی کۆتایی یەکلادەبنەوە.
 
رۆژی 31ـی ئایاری 2025 یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا لە میونشن بەڕێوەدەچێت و براوەی پاڵەوانێتییەکە 25 ملیۆن یۆرۆ وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.
 
 
خەڵاتە داراییەکانی چامپیۆنزلیگی 2024-2025
 
بەشداریکردن 18.6 ملیۆن یۆرۆ
 
یەکسانبوون 0.7 ملیۆن یۆرۆ
 
بردنەوە 2.1 ملیۆن یۆرۆ
 
قۆناخی 16 - 11 ملیۆن یۆرۆ
 
قۆناخی 8 - 12.5 ملیۆن یۆرۆ
 
قپناخی پێشکۆتایی 15 ملیۆن یۆرۆ
 
یاری کۆتایی - 18.5 ملیۆن یۆرۆ
 
پاڵەوان 25 ملیۆن یۆرۆ
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە