هیلال بیر لە بڕیارێکی قورس دەکاتەوە سەبارەت بە نەیمار

29-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار هیلال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە، کە یانەی هیلالی سعودی بیر لە بڕیارێکی تووند دەکاتەوە سەبارەت بە نەیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی.
 
نەیمار بەردەوامە لە مەشقەکانی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگاکان، دوای ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بوو.
 
خۆرخی جیسوس، راهێنەری هیلال، هەوڵی سوود وەرگرتن لە تواناکانی ئەستێرە بەرازیلییەکەی دەدا، بەو پێیەش بڕیاریدا میشێل دێلگادۆ بفرۆشێت، و لەبری ئەو کاپتنی سێلیساوی خستە نێو لیستی تیپەکە.
 
بەڵام بەپێی ئەوەی لەلایەن بەرنامەی Bra 18 بڵاوکراوەتەوە، کە لە تۆڕی کەناڵەکانی SSC پەخش دەکرێت، جیسوس بیر لەوە دەکاتەوە ناوی نەیمار لە لیستی تیپەکەدا لابدات، بەهۆی نەبوونی گرەنتی ئەوەی کە بەم نزیکانە بەتەوای ئامادە دەبێت، ئەگەر ئەوەشی کرد، دەبێت یانەکە ناوی ئەو یاریزانە لە قۆناخی دووەمی خولی رۆشن و لە کاتی مێرکاتۆ زستانەدا تۆمار بکاتەوە.
 
بەرنامەکە روونیکردەوە "لەم دۆخەدا هیلال لە تواناکانی رێنان لۆدی بەرگریکاری بەرازیلی بێبەش نابێت، بڕیاری کۆتاییش لەسەر پۆستی نەیمار لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە پزیشکییە دەبێت کە بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا دەربچێت، کە تێیدا دیاری دەکرێت کە نەیمار کەی و چۆن ئامادە دەبێت".
 
راپۆرتەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە نەیمار ئامادە نابێت، بۆیە یانەکە بیر لەوە دەکاتەوە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا ناوی ئەو یاریزانە لاببات، لە قۆناخی دووەم و لە زستاندا سەرلەنوێ ناوی تۆماربکاتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیلال هەوڵدەدات گرێبەستێکی نوێ لە هێڵی هێرشبەریدا واژۆبکات، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن کە بژاردە سەرەکییەکە کینگسلی کۆمانی فەرەنسییە، یاریزانی باڵی یانەی بایرن میونشن.
 
نەیمار لە وەرزی رابردووەوە لەگەڵ یانەی هیلال یاری دەکات دوای ئەوەی لە پاریس سانجێرمان رۆیشت، بەڵام ئەو هەرزوو تووشی پچڕانی بەستەر بوو، کە وایلێکرد لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە نەتوانێت بەشداری لە یارییەکانی یانەکەیدا بکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە