ئەمڕۆ تیروپشکی چامپیۆنزلیگێکی زۆر جیاواز رادەکێشرێت

29-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، تیروپشکی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا رادەکێشرێت و چامپیۆنزلیگ بەشێوازێکی نوێ و زۆر جیاواز بەڕێوەدەچێت.
 
بە ئامادەبوونی نوێنەری یانە بەشدارەکان و بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، لە شاری مۆناکۆی فەرەنسا کاژێر 19:00 رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت.
 
لە شێوازی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، لە شوێنی 32 یانە ئەمجارە 36 یانە بەشداری دەکەن، یارییەکانی بەشێوەیەکی زۆر جیاوازتر لە پاڵەوانێتییەکانی پێشوو بەڕێوەدەچن.
 
یانە بەشدارەکانی چامپیۆنزلیگ بەسەر چوار ئاست دابەشدەکرێن و ئاستەکانیش بەپێی ریزبەندی یۆفا دیاری دەکرێن، لە هەر ئاستێکدا 9 یانە دەبن و هەر یانەیەک هەشت یاری ئەنجامدەدات، چوار یاری لە یاریگەی و خۆی چوار یارییەکەی دیکەش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی.
 
یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەشێوەی خول دەبن، تیروپشکەکە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی و لە رێگەی ژیری دەستکردەوە ئەنجامدەدرێت، هەشت یانەی پێشەوەی ریزبەندی راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی شازدە، بەڵام لە قۆناخی یەکەمدا یانەی دوو وڵات بەریەک ناکەون.
 
ئەو یانانەی لە پلەی 9 تاوەکو 25ـی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ دێن، رکابەری یەکدی دەکەن و هەشت یانەی دیکە دەگەنە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکە و یانەکانی دیکەش کە لە دوای پلەی 25ـی ریزبەند راستەوخۆ ماڵئاوایی دەکەن و ناچنە هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکە، کە پێشتر سێیەمی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەچوونە یۆرۆپالیگ.
 
لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ تیروپشکەکە رادەکێشرێت، بەڵام رۆژی شەممە 31-8-2024 ئەنجامی تیروپشکەکە و بەرییەکەوتنی یانەکان ئاشکرا دەکرێت، ئەمەش بۆ رێکخستنی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە و دروستنەبوونی هیچ کێشەیەک.
 
یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا رۆژی 17-9-2024 دەستپێدەکەن و لە رۆژی 29-1-2025 قۆناخی یەکەمی رکابەرییەکە کۆتاییدێت.
 
لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی نوێدا چوون و هاتن، لە قۆناخی هەشتەوە بە سیستمە یارییەکان دەکرێن، رۆژی 8 و 9ـی نیسانی 2025 یارییەکانی چوون بەڕێوەدەچن و رۆژی 11 و 12ـی هەمان مانگ یارییەکانی گەڕانەوە دەکرێن.
 
لە رۆژی 29 و 30ـی نیسان یارییەکانی چوون لە قۆناخی پێشکۆتایی بەڕێوەدەچن و رۆژی 6 و 7ـی مانگی ئایار یارییەکانی گەڕانەوە دەکرێن و دوو یانەی یاریی کۆتایی یەکلادەبنەوە.
 
رۆژی 31ـی ئایاری 2025 یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا لە میونشن بەڕێوەدەچێت و براوەی پاڵەوانێتییەکە 25 ملیۆن یۆرۆ وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.

ئاستی یانە بەشدارەکانی چامپیۆنزلیگ


 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە